لە زیقار گەنجێک بەهۆی رێگەنەدان بە هاوسەرگیریی دووەمی خۆی کوشت


رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی پارێزگای زیقار لە باشووری عێراق رایگەیاند، گەنجێک لە پارێزگاکە بەهۆی رێگریکردنی لەلایەن خێزانەکەیەوە بەوەی بۆ دووەمجار ژیانی هاوژینی پێکبهێنێت و ببێتە خاوەنی دوو هاوژین خۆی کوشت.
 
عەمید فوئاد کەریم، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای زیقار ئەمڕۆ هەینی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 9:30ی شەوی دوێنێ پێنجشەممە؛ بەشی پۆلیسی فریاکەوتن لە بوونی شەڕ و تەقەکردن لە ناوچەی زەعبەلاتی شارۆچکەی غەراف لە پارێزگای زیقار ئاگادارکرایەوە؛ بۆیە هێزێکی پۆلیسی فریاکەوتن چووە شوێنی رووداوەکە".
 
لە لێکۆڵینەوەکاندا، بە گوتەی عەمید فوئاد کەریم بۆیان ئاشکرا بووە، "کەسێک بەناوی غازی حەسەن کەریم کە لەدایکبووی ساڵی 1989یە و فەرمانبەرە گوللـەیەک بەر لای راستی شانی کەوتووە و بریندارە؛ بۆیە گواسترایەوە نەخۆشخانەی فێرکاریی حوسێن، بەڵام پاش ماوەیەکی کەم لە گەیشتنی بە نەخۆشخانە بەهۆی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا".
 
گوتەبێژی پۆلیسی زیقار گوتیشی: "بە گوتەی ئەندامانی خێزانەکەی؛ ئەو گەنجە خۆی تەقەی لە خۆی کردووە و خۆی کوشتووە، ئەوەش دوای داڕووخانی لە رووی دەروونییەوە؛ بەهۆی ئەوەی ئەندامانی خێزانەکەی رێگەیان پێنەداوە ژنی دووەم بهێنێت".
 
وەرگێڕان: ئاسۆ فیشەگی