61 ئاسک لە پارێزگای سەماوەی عێراق دەمرن


رووداو دیجیتاڵ

لە بیابانی ساوەی باشووری پارێزگای سەماوە لە عێراق، پلەی گەرمای بەرز و وشکەساڵی، کاریگەریی گەورەی هەبووە لەسەر ئەو ئاژەڵانەی لەوێ دەژین. بەڕێوەبەری ناوچەی پارێزراوی بیابانەکە دەڵێت، 61 ئاسک لە برسان و بێ ئاویدا مردوون.
 
تورکی جەیاشی، بەڕێوەبەری ناوچەی پارێزراوی بیابانی ساوە دەڵێت، "کەشوهەوا بە شێوەیەکی راستەوخۆ کاریگەریی کردووەتە سەر ئاسکەکان، چونکە گەشەی گیا پشت بە بڕی بارانبارین دەبەستێت. ئەم وەرزە بەهۆی نەبوون یان کەمیی بارانبارینەوە هیچ گیایەک نەبووە".
 
ئەوە لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت کەلاکی ئەو ئاسکانەن کە باوەڕ وایە لە برسان و لە بێ ئاوییدا مردبن. بە گوتەی بەڕێوەبەری ناوچەی پارێزراوی بیابانی ساوە، لە 29ی نیسانەوە تاوەکو کۆتایی ئایار، 61 ئاسک لە کۆی 148 دانە کە لەو ناوچەیەدا بوون مردوون و ئێستا تەنیا 87 سەریان ماونەتەوە.
 
تورکی جەیاشی رۆژانە سەر لە ئاسکەکان دەدات، بڕێک ئالیک و ئاویان دەداتێ، بەڵام ئەوە بەس نییە و داوا لە حکومەت دەکات بودجەی زیاتر تەرخانبکات تاوەکو ئالیک، دەرمان و شوێنی پاراستنیان لە کاریگەریی گەرما بۆ دابینبکرێت. 
 
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، "ناوچەی دیکەی هاوشێوە لە عێراق هەن، وەکو عەلی غەربی لە عەمارە. هەروەها لە دیالە و نەجەفیش شوێنی وەکو ساوە هەن، ئەوە جگە لە روتبە کە کۆنترینە. هەموو چالاکییەک لەو ناوچانەدا وەستاون بەهۆی جموجووڵی تیرۆریستیەوە و ئاژەڵاکانیش هەڵاتوون".
 
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، لە سێ ناوچەی دیکەدا ژمارەی ئاسکەکان بە رێژەی 25% کەمیکردووە و ئێستا تەنیا 224 ئاسک لە بیابانەکانی عێراق ماون.
 
رێکخراوی جیهانی بۆ پاراستنی سرووشتیش دەڵێت، تەواوی ئاسکەکان لەو ناوچەیە و بیابانەکانی دیکەی عێراق مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە.