عێراق داواى کۆبوونەوەى نائاسایی وەزیرانى دەرەوەى عەرەب دەکات
رووداو دیجیتاڵ
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق داوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایی وەزیرانی دەرەوەی عەرەبی کرد، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی کە بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە تورکیا بەڕێوەبچێت.
ئەو داواکارییەى وەزیرى دەرەوەى عێراق لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا بوو لەگەڵ بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەى میسری کە ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ى حوزەیرانى 2025 ئەنجامیاندا.
بە گوێرەى راگەیێندراوێکى وەزارەتى دەرەوەى عێراق، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا هەردوو وەزیرەکە باسیان لە دوایین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی هەرێمی و شەڕی نێوان ئیسرائیل و کۆمارى ئیسلامى ئێران کردووە، هەروەها باسیان لە لێکەوتەکانی کردووە لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.
لە 13ـی حوزەیرانەوە، جەنگ لەنێوان ئیسرائیل و وئێران دەستى پێکردووە و بەردەوامە، هەردوو وڵات بەسەر ئاسمانى عێراقدا یەکدى بۆردوومان دەکەن.
وەزارەتى دەرەوەى عێراق رایگەیاندووە، بەو پێیەى عێراق سەرۆکی خولی ئێستای لووتکەی عەرەبیە، فۆئاد حوسێن داوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایی وەزیرانی دەرەوەی عەرەبی کردووە، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی، کە بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە شاری ئیستەنبووڵى تورکیا بەڕێوەبچێت، بە ئامانجی هاوئاهەنگیکردن لە هەڵوێستى وڵاتانى عەرەبى بەرامبەر پێشهاتە خێراکان و رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ئێستا.