کریستیانەکانی نەینەوا خۆپێشاندان دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژی هەینیی داهاتوو پێنج لایەنی سیاسیی کریستیانەکان لە دژی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکەیان و دژی یاسای هەڵبژاردنەکان و ژمارەیەک پرسی دیکە لە قەزای حەمدانیەی سەر بە پارێزگای نەینەوا خۆپێشاندان بکەن. سەرۆکی حیزبی یەکێتیی بەیتولنەهرێنی نیشتمانی دەڵێت، "لە دژی سیاسەتە چەوتەکان و بڕیارە خراپەکان کە لە دژی گەلەکەمان دەدرێن، خۆپێشاندان دەکەین."
رۆژی سێشەممە 18-07-2023 یوسف یەعقوب، سەرۆکی حیزبی یەکێتیی بەیتولنەهرێنی نیشتمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو پێنج لایەنە سیاسییەی کلدانی سریانی ئاشووری بڕیارمان داوە لە دژی گۆڕینی دیمۆگرافی کە لە سەردەمی سەدام حوسێنەوە تاوەکو ئەمڕۆ لە ناوچەکانمان بەردەوامە، لەگەڵ ئەو بڕیار و یاسا خراپانەی هەن و دەردەکرێن لەبارەی هەڵبژاردن و لە دژی پاتریارک لویس ساکۆ، پاتریاریکی کلدان خۆپێشاندان بکەین."
یوسف یەعقوب ئاماژەی بەوەش دا، خۆپێشاندانەکە رۆژی هەینی 21ی ئەم مانگە لەبەردەم قایمقامی قەزای حەمدانییە لە پارێزگای نەینەوا دەکرێت.
سەرۆکی ئەو پارتەی کریستیانەکان دەڵێت، "ناوچەی دەشتی نەینەوا خەریکە دابەشبکرێت و دەست بەسەر ئیرادەی گەل و دانیشتووانەکەیدا دەگیرێت.
بە گوتەی یوسف یەعقوب، خۆپێشاندانەکە لەلایەن هەریەک لە حیزبەکانی بزووتنەوەی دیموکراتیی ئاشووری، ئەنجوومەنی میلـلیی کلدانی سریانی ئاشووری، پارتی نیشتمانیی ئاشووری، حیزبی یەکێتیی بەیتولنەهرێنی نیشتمانی و حیزبی رۆڵەکانی نەهرێن"ەوە رێکخراوە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، یەکێک لە هۆکارەکانی خۆپێشاندانەکە ئەوەیە، ئەو حیزب و لایەنە سیاسییانە هەندێک لە لایەنە کریستیانەکانی دیکە بە گۆڕینی دیمۆگرافی لە دەشتی نەینەوا تۆمەتبار دەکەن، بەتایبەت هێزەکانی بابلیۆن کە لەلایەن رەیان کلدانیی سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.