26 فراکسیۆن و لایەنی سیاسی پەیامێکی تایبەت لەبارەی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە دەدەنە پەرلەمان
رووداو دیجیتاڵ
26 فراکسیۆن و لایەنی سیاسی و کەسایەتی لە پەیامێکدا داوا لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق دەکەن دەنگ بە رەشنووسی یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بدەن. ئەو لایەنانە دەڵێن: "زۆر چاوەڕوان بووین و داوای هەڵوێستی نیشتمانی، ئەخلاقی و مرۆڤانەتان لێدەکەین بۆ ئەوەی بەهەموومانەوە ئەو نەهامەتییە لەسەر ئەو شارە هەڵبگرین."
رۆژی دووشەممە، 26 فراکیسۆن و لایەنی سیاسی و کەسایەتی پەیامێکیان لەبارەی دەنگدان بە رەشنووسی یاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە ئاڕاستەی سەرۆکی پەرلەمانی عیڕاق، هەردوو جێگرەکەی، سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و تەواوی پەرلەمانتارانیان بەناونیشانی "هەڵەبجە ناسنامەی ستەملێکراوی و قوربانیدان" کردووە داوا دەکەن دەنگ بە رەشنووسی یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بدرێت و دەڵێن "بە دەنگدانتان بە هێنانەکایەی هەڵەبجە وەکو پارێزگایەکی عێراقی جەخت لەسەر برایەتیتان لەگەڵمان دەکەنەوە کە هەمیشە شانازیمان پێوەکردووە."
هەروەها دەڵێن: "ئومێد دەکەین هاوشانی ئەو شارە بن کە سیمبولی ستەملێکراویی هاوچەرخی سەرجەم عێراقییەکانە، زۆر چاوەڕوان بووین و داوای ئەو هەڵوێستە نیشتمانی و ئەخلاقی و مرۆڤانەیەتان لێدەکەین بۆ ئەوەی بە هەموومانەوە ئەو نەهامەتییە لەسەر هەڵەبجە هەڵبگرین."
ئەو لایەنانە لە راگەیێندراوەکەیاندا باسێکی میژووی شاری هەڵەبجەیان کردووە و باسی هێرش بە بۆمبی ناپاڵم بۆ سەر شارەکە لە 26ـی نیسانی 1974 دەکەن کە بووە هۆی شەهیدبوونی 52 کەس و برینداربوونی 100 کەس، وێڕای باسکردنی نەهامەتییەکانی دیکە کە بەسەر شارەکەدا هاتووە، لەوانە کیمیابارانکردنی شارەکە لە 16ـی ئاداری 2023 کە بە یەکێک لە گەورەترین تاوانەکانی سەدەی رابردوو هەژماردەکرێت.
بڕیار بوو ئەمڕۆ دووشەممە، 18-9-2023، پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر رەشنووسی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە بدات، بەڵام دواخرا بۆ سبەی.
رۆژی دووشەممە، 18-9-2023، هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەبارەی دواخستنی پەسندکردنی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیار بوو ئەمڕۆ لە خشتەی کاری پەرلەمان دەنگ بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە بوو، بەڵام چاوەڕوانیمان نەدەکرد لە هەندێک لایەنی ببنە هۆکاری دەرهێنانی لە خشتەی کار. وەکو فراکسیۆنە کوردستانییەکان سەردانی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان، سەردانی فراکسیۆنەکانی دیکەمان کردووە، ئەو دواخستنە هەرگیز چاوەڕوانکراونەبوو، هیچ رێگرییەکی دەستووری و یاسایی نەبوو ئەمڕۆ پەرلەمان دەنگی لەسەر بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە بدابا." هەرێم کەمال ئاغا گوتیشی: "جەخت دەکەینەوە ئەگەر رێگری لە بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بکرێت وەکو فراکسیۆنە کوردستانییەکان هەڵوێستی دیکەمان دەبێت."
ئەو لایانانەی ئەمڕۆ راگەیێندراوەکەیان بڵاوکردەوە بریتیین لە: "سەرۆکی بەشی یاسایی کاروباری فراکسیۆنەکانی پەرلەمان، هاوپەیمانیی سەروەری، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، فراکسیۆنی بەدر، سەنەد، سادیقون، هاوپەیمانی ئامالی نیشتمانی، ئیشراقە و دەنگی سەربەخۆکان، هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی، حیکمە، نەوەی نوێ، ئیمتیداد، هاوپەیمانیی عەقدی نیشتمانی، هاوپەیمانیی تەسمیم، جوڵانەوەی حقوق، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، یەکێتی هێزەکانی نیشتمانی، بزووتنەوەی بابلیوون، نەهجی نیشتمانی، حەسم، فراکسیۆنی نەسر، جوڵانەوەی وەفای عێراقی، بەرەی یەکگرتووی تورکمانی عێراق، کۆمەڵی دادگەری، پارتی پێشکەوتنخوازی ئێزدی، هاوپەیمانی سەربەخۆکان، هاوپەیمانیی عەزم، فراکسیۆنی میللی، سابیتون، گردبوونەوەی داهاتووی خەڵکی ناوەڕاست، هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەت، فراکسیۆنی ئیرادە، پێکهاتەی سابیئە، رەوتی فوراتەین، هاوپەیمانیی بەغدا، فراکسیۆنی گردبوونەوەی فاو-زاخۆ، فراکسیۆنی وەتەن."
بەپارێزگابوونی هەڵەبجە 10 ساڵ زیاترە لە هەرێمی کوردستانەوە کاری بۆ دەکرێت، بەڵام هەر جارە و بە هۆکارێک لە بەغدا شکست بە هەوڵەکە دەهێندرێت.
رۆژی 24ـی کانوونی دووەمی 2013، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان نێوەڕۆکی پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی بە نووسراوی ژمارە 12034 ئاراستەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق کرد، بەڵام ناکۆکیی نێوان شیعەکان و سوننەکان بووە هۆکار بۆ ئەوەی هەڵەبجە نەبێتە پارێزگایەکی نوێ.
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە زیاتر لە 135 هەزار کەسە؛ پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.