ئەدیب: دروستكردنی پاسەوانی نیشتمانی دابەشكردنی عێراقە
رووداو- ھەولێر
سەركردەیەكی دیاری حیزبی دەعوەی ئیسلامی پرۆژە یاسای پاسەوانی نیشتمانی بە سەرەتایەك بۆ دابەشكردنی عێراق وەسفدەكات.
عەلی ئەدیب، وەزیری پێشووی خوێندنی باڵای حكومەتی عێراق و سەركردەی دیاری حیزبی دەعوەی ئیسلامی، ئەمرۆ شەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2014، لە میانەی بەشداری كردنی لە كۆنگرەی راپەرینی شەعبانییەی شیعەكان، رایگەیاند:" پرۆژەی پاسەوانی نیشتمانی سەرەتایەكە بۆ دابشكردنی عێراق، چونكە یەكەم ھێز خۆی دەخزێنێتە نێو ئەو سوپایە، داعشەكانن".
ئەو سەركردەیەی حیزبی دەعوە داوای لە حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد، چاوێك بە دەزگا ئەمنییەكان بخشێنیتەوە و بە تووندیش دژایەتی خۆی بۆ دروستكردنی سوپای نیشتیمانی لە سەر ئاستی پارێزگاكانی عێراق دەربڕی.
عەلی ئەدیب، كە بە نەوەی یەكەمی حیزبی دەعوە دەژمێردرێت، جەختی لە سەر كاركردن بە یاسای زۆرەمڵێی سەربازی كردەوە لە جیاتی پرۆژەی پاسەوانی نیشتیمانی، کە بە بڕوای ناوبراو، ئەمە عێراق بەرەو دابەشبوون و ھێزی تائیفی دەبات.
پاساوی ئەو سەركردەیەی حیزبی دەعوە بۆ ئەوە، دەگەرێتەوە سوودمەندی یەكەم لە دروستكردنی ئەو ھێزە داعشەكان دەبن و زوو خۆیان دەخزێننە نێو ئەو سوپایە، ئەو كات چەك و ھێزێكی گەورەیان دەبێت لەو ناوچانە و عێراق رووبەرووی ھەڵوەشاندنەوە دەچێت.
پرۆژە یاسای پاسەوانی نیشتیمانی، كە یەكێكە لە داواكارییەكانی عەرەبی سوننە بۆ دروستكردنی ھێزی پۆلیس و سوپای خۆجێیی لە خەڵكی پارێزگاكانی باكوور و ناوەڕاستی عێراق و بریارە لە ئایندەیەكی نزیك ئەو پرۆژەیە لە لایەن كابینەكەی حەیدەر عەبادییەوە رەوانەی پەرلەمانی عێراق بكرێت، بە شێوەیەكی زارەكی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق رەزامەندی لە سەر دامەزراندنی 6 ھەزار پۆلیس بۆ پارێزگای سەڵاحەددین لە رۆڵەكانی ئەو ناوچەیە دەربڕیوە.