یەک ئۆنسە زێڕ بە نزیکەی 4980 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ ئەمڕۆ پێنجشەممە بە جێگیریی ماوەتەوە، دوای ئەوەی دوێنێ زیاتر لە 2٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.
 
ئەمڕۆ لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی زێڕ نزیکەی 2٪ دابەزی، بەڵام دوای چەند کاژێڕێک خەریکە ئاراستەکەی خۆی بەرەو بەرزبوونەوە دەگۆڕێت.
 
یەک ئۆنسە زێڕ بە نزیکەی 4980 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
کریستۆفەر وۆنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (OCBC) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "هۆکاری ئەوەی نرخی زێڕ لە بازنەیەکی سنوورداردا مامەڵەی پێوەدەکرێت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە ئاسیا پشووە و نەختینەی کەم لە بازاڕدا هەیە، ئەگەرنا گۆڕانکاری بنەمایی لە بازاڕدا رووینەداوە."
 
بازرگانانی زێڕ هەروەها چاوەڕوانی بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە هەڵاوسان لە ئەمریکا دەکەن کە رۆژی هەینی بڵاودەبێتەوە و ئەمڕۆش کۆمەڵێک ئاماری ئابووریی ئەمریکا وەک کەرتی وردەفرۆشی بڵاودەبنەوە کە دەتوانن کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دروستبکەن.