پرۆسەی کۆنتڕۆڵکردنەوەی تکریت بەردەوامە
رووداو - هەولێر
پاش تێپەڕبوونی دوو هەفتە بەسەر شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی تكریت، تەنها باسی سەركەوتن لە دەزگا راگەیاندنەكان دەبیسترێت لە زاری بەرپرسانی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەكان، كەچی لەسەر زەوی تائێستا هێزە عێراقییەكان نەیانتوانیوە بچنە نێو شارەكە.
شەڕی تكریت بە شەڕی یەكلاییبوونەوەی تەرازووی هێز وەسفدەكرێت، بە كۆتاییهێنانی داعش لەم شارە، شەڕێكی قورس و كۆتایی چاوەڕوانی چەكدارانی داعش دەكات لە موسڵ و ئەنبار، بۆیە لەم شەڕەدا هەموو میلیشیا شیعەكانی عێراق و بیانی بەشدارن تێیدا، بەڵام پەیڕەوییەكانی ئەم هێزانە زۆر بە هێواشن، بەڵكو هەندێك جار داعش هێرشی پێچەوانە دەكاتە سەریان.
هەرچەندە دەگوترێت شەڕی تكریت بە سەرپەرشتی سوپای عێراقییە، بەڵام زۆربەی رۆڵەكە دەگەڕێتەوە بۆ چەکدارانی حەشدی شەعبی و هێزەكانی عێراقی.
دوور لە درووشم و قسەی راگەیاندن، چاودێران و شارەزایان دەڵێن: سەرباری ئەوەی ژمارەی چەكدارانی داعش بە دوو هەزار كەس هەژماردەكرێن لە تكریت، بەڵام ئەو هێزەی كە لە دەیان هەزار چەكداری عێراقی و میلیشیا شیعەكان پێكهاتووە نەیانتوانیوە بچنە نێو تكریت و بە ئاشكرا رایبگەیەنن، ئەمەش هەندێكجار بەرپرسانی سەربازی هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە كەوا داعش هەموو شتێكی لە تكریت بۆمبڕێژكردووە.