هونەرمەند چیا شەنسەس لە ئیستەنبووڵ دەستگیر دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
چیا شەنسەس، هونەرمەندی کورد لە ئۆپەراسیۆنێكی هێزە ئەمنییەکانی تورکیادا لە شاری ئیستەنبووڵ دەستبەسەرکرا. تیمەکانی پۆلیسی ئیستەنبووڵ بەرەبەیانی رۆژی هەینی 18ـی ئاداری 2022 هەڵیانکوتایە سەر ماڵی هونەرمەند چیا شەنسەس و دەستبەسەریانکرد.
رۆژدا شەنسەس، خوشکی هونەرمەند چیا شەنسەس کە خۆیشی هونەرمەندێکی ناسراوە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر تۆمارێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەدا، "بەبێ ئاشکراکردنی هیچ هۆکارێک، تیمەکانی پۆلیسی ئیستەنبووڵ بەرەبەیاینی زوو هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی براکەی و بردوویانە."
رۆژدا شەنسەس دەڵێت، لە بارەی براکەیەوە زانیارییان پێناگات و رێگە نادەن پارێزەران دیداری لەگەڵدا ئەنجامبدن. هەروەها باسی لەوەش کردووە، براکەی تەنیا سەرقاڵی کارە هونەرییەکانی خۆی بووە و هیواخوازە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەم "نادادپەروەرییە" کۆتایی بێت و چیا شەنسەسی برای ئازاد بکرێ.
چیا شەنسەس خەڵکی گوندی توتن سەر بە شارۆچکەی میسرج ـە لە پارێزگای سێرتی باکووری کوردستان و ساڵانیکی زۆرە لە شاری ئیستەنبووڵ دەژی. شەنسەس گۆرانیبێژی سەرەکی گرووپی "کۆما گولێن خەرزان" ـە کە ساڵی 1989 لە ئیستەنبووڵ دامەزراوە و لە 1992 دا بووەتە بەشێک لە ناوەندی کولتووری میزۆپۆتامیا لە ئیستەنبووڵ.
ناوەندی کولتووری میزۆپۆتامیا لە چەندین شاری باکووری کوردستان و تورکیا و ئەوروپا کۆنسێرتیان سازداوە، هەروەها چەندین ئەلبووم و کلیپی بە زمانی کوردی تۆمار کردووە.