خەسرۆ گۆران: پێمخۆشە ئەو دۆخە لە بەغدا هەر ئاوا ئاڵۆزبێت
رووداو - هەولێر
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، خۆشحاڵی خۆی لەو دۆخەی لە بەغدا هەیە ناشارێتەوە و دەڵێت "پێمخۆشە ئەو دۆخە لە بەغدا هەر ئاوا ئاڵۆزبێت، بۆ ئەوەی ئێمە لەو ساڵەدا وەکو کورد بتوانین دەستکەوتی زۆرتر بەدەست بهێنین".
خەسرۆ گۆران، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ لە رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو، لەبارەی ئاییندە و رۆڵی کورد لە بەغدا، رایگەیاند "ئەوەی هەرە گرنگە لەلای ئێمە، وەکو کورد لە بەغدا یەکدەنگ و یەکهەڵوێستبین، جێی دڵخۆشیشە لەسەرەتای قەیرانەکانەوە تاوەکو ئێستا یەک هەڵوێستمان هەبووە و بەیەک هەڵوێست چووینەتە نێو هۆڵی پەرلەمان، ئەو پەیامەشمان بە فەرمی گەیاندووەتە لایەنە سیاسییەکان".
سەبارەت بە مانەوەو نەمانەوەیان لە بەغدا، خەسرۆ گۆران، گوتی "ئێمە جارێ بەشێکین لە عێراق، ئێمە ئەندامی پەرلەمانین، دەزگای جێبەجێکاری ئەو وڵاتە نین، مانەوەشمان پەیوەستە بە بڕیاری سیاسی لایەنە سیاسییەکانی خۆمان، جارێ کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا یەکلایی نەکردووەتەوە، جارێ بڕیاری ئەوەمان نەدواوە ماڵئاوایی لە بەغدا بکەین و لێرە نەمێنینەوە".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، پێیوایە ئەوەی لە بەغدا دەگوزەرێت "دڵخۆشکەر نییە، لە بەغدا کێشەی زۆر قوڵ هەن، جیا لە کێشەی کورد لەگەڵ حکومەتی بەغدا، کێشەی سوننە هەیە لەگەڵ حکومەتی بەغدا، کێشەی خودی گرووپە شیعەکان هەیە لەنێو خۆیاندا، ئەوەی ئێستا روودەدات باشترین وانە و نمایشە کە مرۆڤ دەتوانێت بیخوێنێتەوە".
خەسرۆ گۆران، بە راشکاوی دەڵێت "ئەم حکومەتە سەرناگرێت، ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، نەک بە تەنیا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، لەوانەیە لەماوەی چەند رۆژێکدا متمانە لە عەبادیش بسەندرێتەوە".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەشڵێت: "ئەگەر هاتوو لەو قۆناخەدا حکومەتێکی نوێ بێتە کایەوە، هەروەکو چۆن لە ساڵی 2014 بە یەکڕیزی و هەماهەنگییەکی باشەوە توانیمان وێنەیەکی باش پێشانی هەموو لایەنەکان بدەین، لەو بڕوایەدام ئەمجارەش وەکو 5 لایەنی سەرەکی کوردستان لەنێوان خۆماندا، جا بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن بێت یان تەوافوق یانیش بەرژەوەندییەکانی کوردستان بێت، دەگەینە چارەسەر".
خەسرۆ گۆران، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، خۆشحاڵی خۆی لەو دۆخەی لە بەغدا هەیە ناشارێتەوە و دەڵێت "پێمخۆشە ئەو دۆخە لە بەغدا هەر ئاوا ئاڵۆزبێت، بۆ ئەوەی ئێمە لەو ساڵەدا وەکو کورد بتوانین دەستکەوتی زۆرتر بەدەست بهێنین".