وەزارەتی دەرەوەی عێراق: لەسەر هێرشەکان بۆسەر باکووری عێراق باڵیۆزی تورکیامان بانگ کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 19ی نیسانی 2022 باڵیۆزی تورکیای لە بەغدا بانگ کرد و یاداشتنامەیەکی ناڕەزایەتیی پێدا بەرامبەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان.
 
سوپای تورکیا لە رۆژی دووشەممە 18ی نیسانی 2022ەوە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی 'چنگ - قوفڵ'ی لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە بە بیانووی راوەدونانی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە.
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە وردەکاریی ناڕەزایەتییەکەی رایگەیاند، "عەلی رەزا گیونای، باڵیۆزی تورکیا لە عێراقمان بانگ کرد بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر زێدەڕۆیی و پێشێلکارییە بەردەوامەکانی سوپای تورکیا، بەتایبەت ئۆپەراسیۆنە سەربازییە فراوانەکەی ئەم دواییە، کە ناوچەکانی مەتینا، زاپ، ئاڤاشین و باسیانی لە باکووری عێراق گرتەوە."
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەشڵێت، "یاداشتنامەیەکی تووندی ناڕەزایەتیمان دایە باڵیۆزی تورکیا و داوامان لێکرد تورکیا کارە ئیستیفزازییەکان و پێشێلکارییەکانی بوەستێنێت." هاوکات حکومەتی عێراق داوا دەکات تورکیا رێز لە سەروەریی نیشتمانییان بگرێت و هەموو هێزەکانی خۆی لە خاکی عێراق بکشێنێتەوە، چونکە عێراق مافی یاسایی هەیە رێکاری پێویست و گونجاو بەپێی پەیماننامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرامبەر کارە دووژمنکارەکانی لەم شێوە بگرێتەبەر.
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەش بەوە دەکات، "بوونی زۆربەی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە باکووری عێراق لە ئەنجامی رێککەوتنی نێوان حکومەتی تورکیا و پەکەکەیە، لە کاتێکدا عێراق هەناردەکردنی کێشەکانی تورکیا بۆ نێو خاکی عێراق رەتدەکاتەوە، هەروەها پێشێلکردنی سەروەریی عێراق زەمینەیەکی گونجا نابێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە بەردەوامەکان و ئاڵنگارییە ئەمنییەکان."
 
بەپێی ئامارێک کە وەزارەتی بەرگریی تورکیا رۆژی دووشەممە 18ی نیسان بڵاویکردەوە، لە ئۆپەراسیۆنی "چنگ - قوفڵ" 19 گەریلا گیانیان لەدەستداوە. لە بەرامبەردا ئامارەکانی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە دەڵێن، تاوەکو ئێستا 28 سەربازی سوپای تورکیا لە ئۆپەراسیۆنی 'چنگ - قوفڵ' کوژراون.