لە بەغدا گرانییە و رۆژ بە رۆژیش چۆڵ دەبێت
رووداو – بەغدا
گۆران مستەفا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا لەم راپۆرتەدا رەوشی ئێستای شاری بەغدا باسدەكات، كە بەپێی گێڕانەوەكانی ئەو، شارەكە بە دۆخێكی نائارامی ئەمنی و ئابووریدا گوزەر دەكات و بەو هۆیەشەوە خەڵكی شارەكە چۆڵدەكەن.
دوای ئەوەی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە (داعش) كۆنترۆڵی شاری موسڵ دووەم گەورە شاری عێراق و چەند ناوچەی دیكەی كرد و دواتریش هەڕەشەی ئەوەی كرد، كە ناوەستن تائەوكاتەی شاری بەغداش كۆنترۆڵدەكەن، ئێستا بارودۆخی ئەو شارە نائارامەو خەڵكی لە دڵەڕاوكێدان.
هێزی داعش و هەڕەشەكردنەكانیان گۆڕانكاریی بەسەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنی لە عیراق بەگشتی و بەغدا بەتایبەتی هێنا. دانیشتووانی بەغدا لەئێستادا لە ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆردا دەژین، تەنانەت رۆژ لەدوای رۆژ شەقامەكانی بەغدا چۆڵی بەخۆیەوە دەبینێت بەهۆی دەرنەچوونی خەڵكی لە ماڵەكانیان، هەروەها بەشێكیشیان بەغدایان جێهێشتووە.
رۆژانە خەڵك لە بەغداوە بەرەو پارێزگاكانی دیكەی باشوور دەڕۆن و هەندێكیشیان بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، بەڵام نزیكەی 10 رۆژە رێگای نێوان بەغدا لەگەڵ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان گیراوە، هەروەها لەگەڵ موسڵیش ، ئەو خەڵكانەی بیانەوێت بچن بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لەرێگەی فڕۆكەوە ، دەبێت زیاتر لە 15 رۆژ لە چاوەڕوانیی سەرەدا بن، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە خەلكێكی زۆر بەغدا جێدەهێڵن.
كێشەیەكی دیكەی خەڵكی بەغدا گرانبوونی بازاڕە. بە گوتەی سەعد شمەری، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە بەشی ئابووری، بازرگانان و هەندێك لە دوكانداران ئەم رەوشەی ئێستایان بۆ بەرژەوەندی خۆیان قۆستۆتەوەو نرخی كاڵاكانیان بەرزكردۆتەوە، چونكە هاووڵاتییەكی زۆر خۆراك و شتومەك كۆدەكاتەوە بۆ هەر بارێكی چاوەڕواننەكراو گەر بەسەر بەغدا بێت.
شمەری گوتی "ئێمە لیژنەیەكمان پێكهێناوە بۆ چاودێریكردنی بازاڕ و سزادانی ئەو كەسانەی كە نرخی كاڵاكانیان بەرز كردۆتەوە".
لەلایەكی دیكەوە چاودێران پێشبینی ناكەن، كە بەزوویی ئەم بارودۆخە ئارام ببێتەوە، چونكە وەك ئەوان دەڵێن كێشەكە رۆژ لەدوای رۆژ قووڵتر دەبێتەوە و سیاسەتمەدارانی عێراقیش زیاتر خەریكی ململانێی یەكدین و بیر لە چارەسەری ئەم دۆخە ناكەنەوە.
لایەنە عێراقییەكان باس لە یەكپارچەیی و یەكڕیزیی عێراق دەكەن ، كەچی چاودێران دەڵێن باشترین چارەسەر بۆ كۆنترۆڵكردنی رەوشی سیاسی و ئەمنی عێراق دابەشكردنی عێراقە بۆ سێ هەرێمی (كوردستان، سوننە و شیعە).