عێراق بڕیاری کردنەوەی مزگەوت و پارک و یاریگەکان دەدات
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی باڵای تەندروستیی و سەلامەتی لە عێراق بڕیاری دا رێگە بە کردنەوەی مزگەوت و پارک و یاریگەکان بدات.
لیژنەی باڵای تەندروستیی و سەلامەتی لە عێراق ئەمڕۆ شەممە 2020/09/19 کۆبووەوە و بڕیاری دا قەدەخەکردنی هاتنی سەردانیکەرانی مەزارگە ئایینییەکان لە وڵاتانی دیکەوە بۆ عێراق بەردەوام بێت.
هاوکات لیژنەی باڵای تەندروستیی و سەلامەتی بڕیاری دا بە لە بەرچاوگرتنی رێکارەکانی خۆپارێزی و دوورەپەرێزی رێگە بە کردنەوەی مزگەوت و پارک و یاریگەکان بدات.
لیژنەکە ئاماژەی بەوە دا، پێویستە پەلە بکرێت لە پێدانی بەشی یەکەمی پارەی کڕینی 20٪ـی یەکەم پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنای جێی باوەڕ و پەسەندی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی.
ئەو بڕیارانەی لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی لە کاتێکدان کە عێراق لە مانگی شوباتی 2020ـەوە رێکارەکانی خۆپارێزیی لە پەتای کۆرۆنای گرتووەتەبەر وەک: راگەیاندنی قەدەخەی هاتووچۆ، داخستنی شوێنە گشتییەکان و مزگەوتەکان و مەزارگە پیرۆزەکانی شیعە لە نەجەف و کەربەلا.
هاوکات لە 24 کاژێری رابردوودا 3907 کەسی دیکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و 83 تووشبووی دیکەش مردوون.
تاوەکو ئێستاش 315 هەزار و 597 کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون، 249 هەزار و 539 لەو تووشبووانە چاکبوونەتەوە و 8 هەزار و 491 تووشبووی دیکەش مردوون.