سزای کۆمسیۆن؛ 63 بەربژێر دەبێت 126 ملیۆن دینار بدەن

رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سزای پێبژاردنی بەبڕى دوو ملیۆن دینار بۆ 63 بەربژێر لە شەش پارێزگای عێراق دەرکرد، سزادانیان لەبەر پێشێلکردنی رێکارەکانی بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بووە، هەروەها سکاڵای جێگرێکى پارێزگاری کەرکووک لە دژی بەربژێرێکی بەرەی تورکمانی رەتکردەوە.
 
ئەو بڕیارانەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە 19ی تشرینی یەکەمی 2025 دەرکراون.
 
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بە شەش بڕیار، سزای پێبژاردنی 63 بەربژێری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی داوە کە هەر یەکێکیان دوو ملیۆن دینارە.
 
سزادانی ئەو بەربژێرانە لەسەر بنەمای پێشێلکردنی رێکارەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن بووە، بەتایبەت هەڵواسینی پۆستەر لەو شوێنانەی رێپێدراو نین.
 
بەربژێرە سزادراوەکان لە شەش پارێزگای عێراق بوون، زۆربەیان لە پارێزگای نەجەفن کە 28 بەربژێر بوون. 16 دیکەیان لە پارێزگای نەینەوا و  10 بەربژێرى سزادراو لە ئەنبار بوون.
 
بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 3ی تشرینی یەکەم دەستیپێکردووە و تاوەکو 8ی تشرینی دووەمی 2025 بەردەوام دەبێت.
 
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران سکاڵایەکی یاوز حەمید، یاریدەدەری پارێزگاری کەرکووکی رەتکردووەتەوە لە دژی قەحتان وەنداوی، بەرپرسی رێکخستنەکانی بەرەی تورکمانی لە کەرکووک و بەربژێر لە لیستی بەرەی تورکمانی یەکگرتوو لەو پارێزگایە تۆماری کردبوو.
 
لە 21ی تشرینی یەکەمی 2024، بەرەی تورکمانی عێراق یاوز حەمیدی لە ریزەکانی دەرکرد بەهۆی بەشداریکردنی لە حکومەتی خۆجێیی کەرکووک کە ئەو بەرەیە بەشداری تیا نەکردووە.
 
یەکێک لە سکاڵا رەتکراوەکانی دیکە کەسێک بە ناوی عەلی عادل رەشید، لە دژی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی لیستی تەقەدووم لە بەغدا تۆماری کردبوو.
 
لە بڕیارەکەدا هاتووە هیچ بەڵگەیەک نەبووە محەممەد حەلبووسی بەگوێرەی سکاڵاکە سەرپێچی رێکارەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی کردبێت.
 
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاریداوە بە دوورخستنەوەی قاسم ئەحمەد یوسف، بەربژێر لە هاوپەیمانیی 'ئەبشر یا عێراق' لە پارێزگای بەغدا، لە دوای ئەوەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن بڕیاری دوورخستنەوەی داوە.
 
بەگوێرەی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، هەر دەنگێک بۆ ئەو بەربژێرە دوورخراوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بدرێت، بە پووچەڵ هەژمار دەکرێت.
 
زیاتر لە حەوت هەزار بەربژێر رکابەری دەکەن بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسی پەرلەمانی عێراق لەو هەڵبژاردنەی لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 دەکرێت.