دەستەی بەرگریی عێراق: دوای کۆتاییهاتنی وادەی کشانەوە لە عێراق، داگیرکار پارچەپارچە دەکەین


رووداو دیجیتاڵ

دەستەی هاوئاهەنگیی بەرگریی عێراق کە لە چەند گرووپێکی چەکداری شیعە پێکهاتووە، دەڵێت، "دڵنیایی دەدەین کە چەکی بەرگری دوای کاژێر 12ی شەوی 31/12/2021 ئامادە دەبێت بۆ پارچە پارچەکردنی داگیرکار".
 
دەستەی هاوئاهەنگیی بەرگریی عێراق، ئەمڕۆ هەینی 19-11-2021 لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، "لە نزیکەوە چاودێریی ئاستی پابەندبوون بە دەرهاوێشتەکانی بەناو گەڕی گفتوگۆی ستراتیژی دەکەین، ئێمە باوەڕمان بەوە نەبووە کە داگیرکار جیدی بێت و وەکو لایەنێکی بەشدار پێوەی پابەند بێت، بەڵام پێمان باش بوو هەلێک بدەینە دانوستاندنکارە عێراقییەکان بۆ دەرکردنی داگیرکاری ئەمریکی لە خاکی پیرۆزی عێراق بە رێگە دیپلۆماسییەکان، کەچی تاوەکو ئێستا هیچ دیمەنێکی کشانەوەمان نەبینیوە، هەرچەندە 42 رۆژ ماوە بۆ 31/12/2021".
 
دەستەی هاوئاهەنگیی بەرگریی عێراق دەڵێت، "تێبینیمان کردووە کە داگیرکاریی ئەمریکی، ژمارە و کەرەستەکانی لە بنکەکان لە عێراق زیاد دەبن، تەنانەت گوێمان لە لێدوانی فەرمی و نیمچەفەرمی بەرپرسانی ویلایەتە خراپەکانی ئەمریکا دەبێت سەبارەت بە نیازی نەکشانەوە لە عێراق بە بیانووی ئەوەی بەغدا ئەو داوایەی لێکردوون، لە کاتێکدا هیچ وەڵامێک یان رەتکردنەوەیەکمان لە حکومەتی عێراق سەبارەت بەو لێدوانە پووچانە نەبیستووە".
 
دەستەی هاوئاهەنگیی بەرگریی عێراق دەڵێت، "دڵنیایی دەدەین چەکی شەرەفمەندی بەرگریی کە لە چەند رۆژی رابردوودا زۆر قسەی لەبارەوە کرا و کەسانێک بەتایبەت سووربوون لەسەر تێکەڵکردنی بە ململانێ سیاسییەکانی ئەم دواییە، دوای کاژێر 12ی شەوی 31/12/2021 ئامادە دەبێت بۆ پارچەپارچەکردنی داگیرکار".
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "رەوایەتیی بەرگریی کە شەهیدی خودا لێخۆشبوو محەممەد باقر سەدر بناخەی دانا و داگیرکاری سەرشۆڕکرد و بە چەکی رەوای سووکایەتی بە لووتبەرزی داگیرکار کرد، ئەوە لە مافی گەلی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری پێشێلکاریی سەروەرییەکەی سەرچاوەی گرتووە؛ لوولەی ئەو چەکەش کە شکۆی گەڕاندەوە بەردەوام بە ئاراستەی داگیرکار دەبێت لە هەر شوێنێک بێت؛ بەرگریکردن پەیڕەوێکی رەوا و رەوشتی و نیشتمانییە کە پەیماننامە و نەریتە نێودەوڵەتییەکان و یاسا ئاسمانییەکان دانیان پێدا ناوە؛ بۆیە نابێ دەستبەرداری چەکی شکۆ بین تاوەکو خوێن لە جەستەدا دەبێت".
 
گەڕی چوارەمی گفتوگۆی ستراتیژی لە نێوان عێراق و ئەمریکا کۆتایی مانگی تەممووزی 2021 لە واشنتن بە ئامادەبوونی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندێکی باڵای یاوەری بەڕێوەچوو، کە نوێنەرانی هەرێمی کوردستانیشی تێدا بوو، لەو گەڕەدا ئەمریکا بڕیاریدا تاوەکو 31/12/2021 ئەرکی هێزەکانی لە عێراق لە شەڕکردنەوە بۆ مەشق و پێشکەشکردنی راوێژ و هاریکاری بە هێزەکانی عێراق بگۆڕێت.
 
ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا، لە سەرەتای ئابی 2021 دا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لە راگەیێندراوی کۆتایی گفتوگۆی ستراتیژی رامانگەیاند هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەگۆڕین و رێکیان دەخەینەوە، بەڵام ئەوە بە واتای کشاندنەوەیان نییە؛ بەڵکو ئەرکیان دەگۆڕێ لە شەڕکردنەوە بۆ پێشکەشکردنی راوێژ و مەشقپێکردن".