دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیار لەبارەی سکاڵاکەی یەکێتی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان دەدات

 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە ئەمڕۆ دادگەی باڵای فیدڕاڵیی عێراق بۆ بڕیاردان لەسەر سکاڵایەک، کە لەلایەن یەكێتی لە دژی پێنج مادەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە کۆببێتەوە، راوێژکارێکی یاسایی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، "ئەگەر دادگەکە بڕیار بە نادەستووریی هەژمارکردنی دەقی ئەو مادانە بدات، ئەوا کار بە دەقەکانی پێشتر دەکرێت."
 
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 19-11-2023، دادگەکە بۆ بڕیاردان لەبارەی سکاڵایەک، کە پێشتر دوو سکاڵا بوون و یەکخراون لە دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ی ساڵی 1992ی هەموارکراو کۆببێتەوە.
 
سکاڵاکە ژمارە 83ی فیدراڵی /2023ـی هەیە، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییەوە تۆمار کراوە.
 
سکاڵاکە لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان (خولی پێنجەم)، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، تێیدا سکاڵاکاران داوای نادەستووریبوونی مادەکانی (36،22،15،9،1)ـی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە و داواکە تەنیا بۆ بڕیاردان ماوەتەوە.
 
سکاڵاکان پەیوەندییان بە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، کورسییەکانی کۆتاکان، تۆماری دەنگدەران و بازنەکانی هەڵبژاردنەوە هەیە.
 
رۆژی یەکشەممە 19-11-2023، وەعدی مزووری، راوێژکاری یاسایی پەرلەمانی کورستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سکاڵاکە هەموو کارەکانی تەواوبووە، تەنیا ئەوەی ماوە بڕیاردانە لەبارەیەوە، بۆیە ئەمڕۆ ئەگەر بڕیاری دادگە رەتکردنەوەی و بە نادەستووری زانینی ئەو مادانە بێت، کە سکاڵایان لەبارەوە کراوە، ئەو کات دەبێت کار بە دەقەکانی پێشتری ئەو مادانە بکات."
 
ئەو مادانەی لە یاسای هەڵبژاردن کە یەكێتی سکاڵای لەسەر تۆمار کردوون، ئەمانەن:
 
مادەی یەکەم: پەرلەمانی کوردستان-عێراق لە 111 ئەندام پێکدێت.
 
مادەی نۆیەم: هەرێمی کوردستانی عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەنرێت.
 
مادەی پانزەیەم: بۆ هەرێمی کوردستان تۆمار بەناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی سەنتەرەکانی هەڵبژاردن ئامادەدەکرێن بەپێی ریزبەندیی پیتە ئەبجەدییەکان.
 
مادەی بیست و دوو: هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، بۆی هەیە لیستێکی تایبەت بە بەربژێرەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستانی عێراق پێشکێش بکات، کە رێژەیەک ئافرەتی تێدابێت، 30٪ کەمتر نەبێت.
 
مادەی 36:
 
یەکەم: پێنج کورسی بۆ کلدان سریان ئاشووری تەرخاندەکرێت، بەربژێرەکانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
 
دووەم: پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخاندەکرێت، بەربژێرانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
 
سێیەم: یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخاندەکرێت، بەربژێرانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن. 
 
رۆژی 30ـی ئایاری 2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بەنادەستووری دانا و رایگەیاند؛ بەگوێرەی بڕیارەکە، هەموو ئەو بڕیارانەی لەدوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانەوە دراون (واتا دوای 6ـی 11ـی 2022)، بە پووچەڵ دەژمێردرێن، لەنێویاندا شەش یاسا و بڕیاری ژمارە 10ـی پەرلەمان، کە بەپێی بڕیارەکە، پارتی دەیگوت کۆمیسیۆن کاراکراوەتەوە، یەکێتیش رەتیکردەوە و ناکۆکیی لەنێوان هەردوولادا دروستکرد.
 
لە کۆبوونەوەی رۆژی 9-10-2022ـی پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ 31-12-2023 درێژکرایەوە، لەکاتێکدا 6-11-2022 تەمەنی خولەکە کۆتایی دەهات.
 
رۆژی پێنجشەممە، 3ـی ئابی 2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە دیاریکردنی 25ی شوباتی 2024 وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.