سوودانی لە ئەنجامی کۆبوونەوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان ئاگادارکرایەوە

رووداو دیجیتاڵ 

لە کۆبوونەوەی تایبەت بە بەدواداچوونی وەزارەتی نەوت و پڕۆژە نەوتییەکانی عێراق، تاوتوێی ئەنجامی کۆبوونەوەکانی وەزارەتی نەوت و سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی رێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لەرێگەی بەندەری جەیهان کرا و سەرۆکوەزیران لە وردەکارییەکەی ئاگادارکرایەوە. 
 
رۆژی یەکشەممە، 19-11-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی خولیی تایبەت بە بەدواداچوونی وەزارەتی نەوت و پڕۆژە نەوتییەکانی عێراقی کرد.
 
کۆبوونەوەکە کە بە ئامادەبوونی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت و راوێژکارانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری نەوت و پاڵاوتگەکان و بەرپرسانی وەزارەتی نەوت بەڕێوەچوو، تێیدا باسی دیارترین پڕۆژەکانی کەرتەکانی دەرهێنان و دابەشکردن و هەناردەکردن و پڕۆژەکانی گاز و پاڵاوتگەکان و رێژەی تەواوبوونیان کرا، لەگەڵ تاوتوێکردنی ئەو تەگەرانەی دێنە پێش لە جێبەجێکردنیان، جگە لەو دەرفەتانەی وەبەرهێنان کە لەساڵی 2023 لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە راگەیێندراوە.
 
محەممەد شیاع سوودانی، لەو کۆبوونەوەیەدا ئاماژەی بە پێویستیی کەرتی نەوت و گاز کردووە و بە گرنگی زانیوە بەرزبوونەوەی بەهای جیهانیی نەوت بۆ زیادکردنی تەرخانکراوە داراییەکان لە رێگەی باشترین وەبەرهێنانی نەوت و گاز بکرێت. هەروەها گوتی: "نەوت سەرچاوەیەکی سەرەکیی داهاتە و حکومەت کار لەسەر گەشەپێدانی کەرتی نەوت و کەرتەکانی دیکەی پەیوەست بە پیشەسازییە کیمیایی و پترۆکیماییەکان و پەین دەکات."
 
سەبارەی بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستانیش، وەکو لە راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق هاتووە: "لە کۆبوونەوەکەدا محەممەد شیاع سوودانی لە ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانە کە لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان کراوە، بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی خاو لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە، ئاگادارکرایەوە."
 
رۆژی یەکشەممە، 12-11-2023، شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەرۆکایەتیی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت و ئەندامیێتیی ژمارەیەک بریکاری وەزیر و راوێژکار گەیشتنە هەولێر، وەزیری نەوت دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستانی، بە یەکێک لە مژارە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکان و هۆکارەکانی سەردانەکەیانی باسکرد.
 
لە رۆژی 25ـی مانگی ئاداری 2023ـەوە، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیراوە.
 
رۆژی 04-04-2023، بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، رێککەوتنێک واژۆکرا، کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، بەڵام هێشتا هەناردە دەستی پێنەکردووەتەوە.