نزیکەی دوو هەزار دەستبەسەرکراو لە روومادی چارەنووسیان نادیارە

رووداو-روومادی

دوای کۆنترۆڵکردنەوەی شاری روومادی لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لە ساڵی 2016 نزیکەی دوو هەزار کەس کە دەگوترێت پەیوەندییان لەگەڵ داعش هەبووە، ئەوکات لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون و تاوەکو ئێستاش چارەنووسیان نادیارە.


هیوا حوسامەدین، نێردراوی رووداو لە رومادی، رایگەیاند: لە ساڵی 2016 کە بڕیار لەسەر ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی پارێزگای ئەنبار درا، کە چەندین شاری گەورەی تێدایە، کۆمەڵێک لەو خەڵکانەی کە دانیشتووی ئەوشارەبوون لەوکاتەدا بەرەو دەروازەکانی شار هەڵاتن تاوەکو نەکەونە بەر ئاگری کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانیان، لە نێویشیاندا زیاتر لە 6 هەزار خێزانی خەڵکی ئەنبار ئاوارەی ناوچەکانی گەرمە و، سەقڵاویە بوون. لەنێو ئەو خێزانانە نزیکەی 2 هەزار کەس لە کەسوکاریان جیاکرانەوە بۆ ئەوەی ناسنامەیان لێوەربگیرێت و بەدواداچوون لەسەر ناوەکانیان بکرێت ئاخۆ تاوانبارن دەستیان هەیە لە کوشتنی خەڵک، بەڵام لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا کە ماوەی 2 ساڵ زیاترە هیچ سۆراخێکیان نییە، کەسوکارەکانیشیان هەموو لایەنە ئیدارییەکانی ئەو سنوورەیان بەسەر کردووەتەوە، کەس سۆراخی کوڕەکانیان پێ نەداون.

کەسوکاری ئەو دەستگیرکراوانە دەڵێن کوڕەکانمان لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە لەنێو بارەگاکانیان دەستبەسەرکراون، دوێنێ لەنێو ئەو 2 هەزار کەسە 15 کەسیان رزگاریان بووە، یەکێک لەو دەستگیرکراوانە کە تەمەنی نزیکەی 70 ساڵ دەبێت بۆ رووداو باسی لەوە کرد، کە ئەو بۆ وەرگرتنی چارەسەر چووەتە بەغدا لەکاتی هاتنەوەی لە یەکێک بازگەکان وەکو خۆی دەڵێ هێزێک کە پۆشاکی رەنگی رەساسیان لەبەرەبوو ئاڵای عێراقیان هەڵکردبوو رێگایان لێگرتووە، سەرەتا گوتوویانە ناوت لە کۆمپیوتەر دەدەین بزانین چیت لەسەرە، لەو رۆژەوە گیراوە ماوەی دووساڵە دوێنێ بەربووە.

پەیامنێری رووداو دەشڵێ: ئەو پیاوە کە لە هەڤپەیڤێنێک قسەی بۆ رووداو کردووە دەڵێ، زۆر بوون ئەوانەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵی کردووە، زۆربەشیان بە زمانی فارسی قسەیان لەگەڵیدا کردووە، هەندێکجار سوێندیان بە ئیمام حەسن و حوسێن لێ خواردووە ئەگەر بێدەنگ نەبێت دەیکوژن، زۆر ئەشکەنجەدرابوو، بەگوتەی ئەو، ئەو کەسانەی دەستگیرکراون منداڵی تێدابووە لە تەمەنی 10 ساڵەوە بۆ 30، منداڵی وای تێدابووە دەگریا، هەر ئێوارەیەکیش 20 ئۆتۆمبێل دەهات و پڕ لە خەڵکیان دەکرد و دەمانیان برد بۆ شوێنێکی نادیار. 

ئیدارەی شاری روومادی ناوەندی پارێزگای ئەنبار چەند جارێک بەتایبەتی لەگەڵ ئەو هێزە ئەمنیانە دانوستاندنیان کردووە، بەڵام رەتیدەکەنەوە کە ئەوان هیچ کەسێکیان گرتبێت، بڕیاریشە ئەمڕۆ خۆپیشاندانێکی ناڕەزایی بەڕێوەبچێت بۆ ئازادکردنی ئەو کەسانەی بێسەروشوێنن یان هەر هیچ نەبێت سۆراخێکیان پێبدەن.


پێداچوونەوە؛ عومەر شایان