لە دوایین رۆژی پاڵەوانێتیی کەنداودا شەش ملیۆن و 500 هەزار پەیوەندیی تەلەفۆنی کراون


رووداو دیجیتاڵ 

دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق دەڵێت، لە دوایین رۆژی پاڵەوانێتیی جامی کەنداودا کە لە بەسرە بەڕێوەچوو، زیاتر لە شەش ملیۆن و 500 هەزار پەیوەندیی تەلەفۆنی کراون.
 
رۆژی هەینی، 20-1-2023، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا چەند ژمارەیەکی لەبارەی دوایین رۆژی پاڵەوانێتیی جامی کەنداو خستەڕوو.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "زیاتر لە شەش ملیۆن و 500 هەزار پەیوەندیی تەلەفۆنی کراون، ئەوە جگە لە تۆمارکردنی ئامادەبوونی 238 هەزار کەس لە کاژێر هەشتی بەیانییەوە تاوەکو 10ـی شەو لە یاریگەکە و دەوروبەری."
 
هەڵبژاردەی عێراق لە جامی کەنداوی 25 کە رۆژی 6-1-2023 دەستیپێکرد و رۆژی پێنجشەممە، 19-1-2023 کۆتاییهات، لە 6 یارییدا 5 یاری بردەوە، لە یارییەکەی دیکەدا یەکسان بوو و هیچ یارییەکی نەدۆڕاند. هەڵبژاردەکە 12 گۆڵی تۆمارکرد کە هەریەکە لە ئەیمەن حوسێن و ئیبراهیم بایش سێ گۆڵیان تۆمارکرد و گۆڵپارێزی هەڵبژاردەکەش تەنیا سێ گۆڵی لێکرا و دوای 35 ساڵ جارێکی دیکە هەڵبژاردەکە نازناوی جامی کەنداوی بردەوە کە ئەمە چوارەمجارە لە مێژوویدا نازناوەکە بەدەستدەهێنێت.
 
لە یاریی کۆتایی جامی کەنداوی 25 لە یاریگەی بەسرەی نێودەوڵەتی، هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و عومان بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە رووبەڕووی یەک بوونەوە. یارییەکە بە سەرکەوتنی هەڵبژاردەی عێراق کۆتاییهات.