ئەو راگرەى بەسرە کە تۆمەتبار کرا بە دەستدرێژى، بڕیارى دەستپێهەڵگرتنى بۆ دەرکرا


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیى عێراق، بڕیارى دەستپێلەکارهەڵگرتنى بۆ راگرى کۆلێژێکى زانکۆى بەسرە دەرکرد، کە تۆمەتبار کراوە بەوەى دەستدرێژیی سێکسی کردووەتەوە سەر ژمارەیەک لە کچە خوێندکارانى کۆلێژەکەى. 
 
بەگوێرەى نووسراوێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیى عێراق کە ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ى ئادارى 2024، دەریکردووە، فەرمانی داوە بە دەستپێلەکارهەڵگرتنى عیماد شەعلان شاوى، راگرى کۆلێژی کۆمپیوتەر و تەکنەلۆژیای زانیاریى زانکۆى بەسرە.
 
ئەو بڕیارەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانسیى عێراق لە دواى ئەوە بوو، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ژمارەیەک وێنەی ئەو راگرە بڵاوبوونەوە، تێیدا وا دەردەکەوێت لە ئۆفیسەکەی خۆیدا دەستدرێژیی سێکسی دەکاتە سەر خوێندکارانی کۆلێژەکەى.
 
ئەو بڕیارى دەستپێلەکارهەڵگرتنە بە فەرمانى نەعیم عەبوودى، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بووە و لە نووسراوەکەدا هاتووە، کە ئەو بڕیارە تاوەکو تەواوبوونى کارەکانی ئەو لێژنەیە دەبێت کە 20ى ئادار لەسەرى پێکهێندراوە.