وەزارەتی بازرگانیی عێراق بۆ رووداو: پێشبینی 4 ملیۆن تۆن گەنم دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی دروێنە و بازاڕکردنی گەنم لە عێراق، وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵ ئامادەکارییەکانی بۆ وەرگرتنی بەرهەمی جووتیاران تەواو کردووە. محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووری لە وردەکارییەکانی پلانی وەزارەت، پشکی هەرێمی کوردستان و شایستە داراییەکانی جووتیاران خستەڕوو.
پێشبینی وەرگرتنی 4 ملیۆن تۆن گەنم
گوتەبێژی بازرگانیی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی بارانبارینی زۆر و کەشوهەوای گونجاو لەم وەرزەدا (2025-2026)، پێشبینی دەکەن بڕی گەنمی وەرگیراو لە سەرتاسەری عێراق 4 ملیۆن تۆن تێپەڕێنێت.
محەممەد حەنوون گوتی: "وەزارەتی بازرگانی هەموو ئامادەکارییەکی بۆ سەرخستنی ئەم وەرزە کردووە و توانای کۆگاکردنی پێویستمان لە هەموو پارێزگاکان هەیە، تەنانەت پێشتر ئەزموونی وەرگرتنی 6 ملیۆن تۆن گەنمان هەبووە."
ئاستی هاوئاهەنگی و پشکی هەرێمی کوردستان
سەبارەت بە پشکی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، محەممەد حەنوون گوتی، پشکی هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتووە و گوتی: "پێشتر تەنیا 350 هەزار تۆن بوو، دواتر کرایە 400 هەزار، بەڵام لە ساڵانی دواییدا بەهۆی زیادبوونی رووبەری چاندن، ئەم بڕە گەیشتە 750 هەزار تۆن."
ئەو بەرپرسەی عێراق گوتی، "بۆ ئەم ساڵیش، هەرچەندە چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی لیژنەی باڵای کشتوکاڵین، بەڵام لێکتێگەیشتنی تەواو لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان هەیە و بڕەکە لە دەوروبەری هەمان ئاستی ساڵانی رابردوو دەبێت."
نرخ و کواڵیتی بەرهەم
وەزارەتی بازرگانی نرخی وەرگرتنی هەر تۆنێک گەنمی بۆ ئەم ساڵ بە 700 هەزار دینار دیاری کردووە، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو (850 هەزار دینار) کەمیکردووە.
محەممەد حەنوون هۆکارەکەی بۆ دابەزینی نرخی گەنم لە بۆرسە جیهانییەکان گەڕاندەوە؛ هەروەها روونی کردەوە کە گەنمەکان لە تاقیگەکاندا دەپشکنرێن و دەکرێنە دوو جۆر (پلە 1 و پلە 2)، نرخەکەش بەپێی کواڵیتییەکەی دەبێت.
شایستە داراییەکان؛ "هیچ بڕیارێکی سیاسی بۆ دواخستن نییە"
لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا سەبارەت بە دواکەوتنی پارەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی بازرگانیی عێراق دڵنیایی دا کە 75٪ی شایستە داراییەکانی ساڵی رابردوو دابەشکراون و پرۆسەکە بەردەوامە.
حەنوون گوتی: "هیچ بڕیارێکی سیاسی بۆ دواخستنی پارەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان نییە. هۆکارەکە تەنیا ئەوەیە کە دروێنە لە هەرێمی کوردستان مانگێک و نیو درەنگتر لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور دەستی پێکرد. سیستمی ئێمە بەپێی نۆرەی رادەستکردنە. هەرکەسێک زووتر گەنم بدات، زووتر پارە وەردەگرێت."
کۆگای ستراتیژی و سایلۆ نوێیەکان
محەممەد حەنوون گوتی، عێراق خاوەنی کۆگای ستراتیژیی گەورەیە و هیچ کێشەیەکی کۆگاکردنیان نییە؛ هەروەها رایگەیاند کە بڕیاردراوە 5 سایلۆی مۆدێرن و نوێ لە پارێزگاکان دروست بکرێن بۆ زیادکردنی توانای هەڵگرتنی گەنم و دڵنیابوونەوە لە ئاسایشی خۆراک لە وڵاتدا.