چوارچێوەی هاوئاهەنگی: دوای جەژن پێکهێنانی حکومەت تەواو دەکەین


رووداو دیجیتاڵ

هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی رایگەیاند، لە دوای جەژنی قوربان کابینەی حکومەت تەواو دەکەن. راشیگەیاند، دەستدرێژی و هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێی رەتدەکەنەوە و داوای لە هێزە ئەمنییەکان کرد لێکۆڵینەوەکانیان لەو بارەیەوە تەواو بکەن.
 
رۆژی چوارشەممە، 20ی ئایاری 2026، هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە ئامادەبوونی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانى عێراق کۆبووەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێنراوێکی ئەو هاوپەیمانییە، لەو کۆبوونەوەیەدا کە لە ماڵی هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر کراوە، باس لە پێشهاتە سیاسییەکانی قۆناخەکە و هەنگاوەکانی داهاتوو کراوە.
 
ئەو هاوپەیمانییە جەختی لە یەکڕیزی و پەرۆشیی بۆ بەردەوامبوون لە کاری هاوبەش کردەوە و رابگەیاندووە، دوای جەژن هەنگاو بۆ تەواوکردنی کابینەی حکومەت دەنرێت بەگوێرەی چوارچێوە دەستوورییەکان و لێکتێگەیشتنە نیشتمانییەکان.
 
14ی ئایار، لە کۆی 23 وەزارەتی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، بەربژێری 14 وەزارەت پەسەند کران و نۆ بەربژێر ماون کە دەنگیان لەسەر بدرێت.
 
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەموو جۆرە دەستدرێژی و هێرشێکی کە وڵاتانی دراوسێ بکاتە ئامانج رەتکردەوە و بە پێویستی زانی رێز لە سەروەریی وڵاتان بگیرێت و ناوچەکە تووشی ئاڵۆزیی زیاتر نەکرێت.
 
لە رۆژی 17ـی ئایاری 2026، بە درۆن هێرشکرایە سەر سعودیە و ئیمارات، وەزارەتی بەرگریی ئەو دوو وڵاتە رایانگەیاند، ئەو درۆنانە لە عێراقەوە ئاراستەی وڵاتەکانیان کراوە.
 
ئەو هاوپەیمانییەتییە داوای لە هێزە ئەمنییەکان کرد لێکۆڵینەوەکانیان لەو بارەیەوە تەواو بکەن و رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی ئاسایشی عێراق و سەروەرییەکەى.