فوئاد حوسێن داوای کۆبوونەوەی بەپەلە لە رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی لەبارەی سووتاندنی قورئان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، وەزیری دەرەوە داوایکرد لەگەڵ نوێنەرایەتی هەمیشەیی عێراق لە شاری جدەی سعودیە قسە بکرێت بۆ ئەوەی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی لەبارەی سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆزەوە رێکبخات، هەروەها یاداشتنامەیەکی لەبارەی پێشهاتەکانی سووکایەتیکردن بە قورئان بۆ کۆمکاری عەرەبی نارد.
شەوی پێنجشەممە، 20-7-2023، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، نوێترین پێشهاتەکانی رێکارەکانی وڵاتەکەی دژ بە سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز لەلایەن پەنابەرێکی عێراقییەوە لە وڵاتی سوێد راگەیاند و ئاشکرایکرد "فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق داوایکردووە لەگەڵ نوێنەرایەتی عێراق لە شاری جدە بکرێت بۆ ئەوەی باسی داواکەی عێراق لە رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی بکرێت کە داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی کردبوو تایبەت بە سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز."
دەشڵێت، "فوئاد حوسێن یاداشتنامەیەکی بۆ کۆمکاری عەرەبی لەبارەی پێشهاتەکانی سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز ناردووە."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە رێوشوێنەکانی حکومەتی عێراق لەبارەی رووداوی سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەچوارچێوەی رێزگرتن لە ئایینە ئاسمانییەکان دێت و وەزارەتی دەرەوە بەپەلە رێوشوێنەکانی گرتووەتەوەبەر بۆ رووبەڕووبونەوەی دیاردەی ئیسلامۆفۆبیا."
ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئەوەشی گوتووە کە پابەندوونیان نیشانداوە بۆ دەرخستنی بەرگریکردنیان لە پیرۆزییەکان بەشێوەی کردەیی.
سەلوان مۆمیکا، پەنابەری عێراقی لە سوێد لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم هەوڵی سووتاندنی قورئانی پیرۆز، ئاڵای عێراق و وێنەی موقتەدا سەدر و عەلی خامنەیی دا، دوای سووکایەتیکردن بە بەشێک لەوانە، نەیسووتاندن و بەردەم باڵیۆزخانەی جێهێشت.
حوزەیرانى رابردوو، سەلوان مۆمیکا، کە پەنابەرێکی تەمەن 37 ساڵانی عێراقییە لە سوێد، لەبەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵمی پایتەختی ئەو وڵاتە کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند.
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، پێش کارەکەی سەلوان مۆمیکا، سەدان خۆپێشاندەری نزیک لە رەوتی سەدری چوونە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا و سووتاندیان، دواتر حکومەتی عێراق داوای لە باڵیۆزی ئەو وڵاتەکرد عێراق بەجێبهێڵیت و هەڵسوڕێنەری کارەکانی باڵیۆزخانەی عێراقی لە سوێد کشاندەوە.
دوای ئەوە، ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا، نیگەرانی وڵاتەکەی لە هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا لەلایەن خۆپێشاندەرە عێراقییەکان دەربڕی و هێزە عێراقییەکانی بەوە تۆمەتبارکرد کە هیچ هەوڵێکیان نەداوە رێگە لە خۆپێشاندەران بگرن و گوتی: "ئازادی گردبوونەوەی ئاشتییانە هێمایەکی تایبەتە بە دیموکراسی، بەڵام ئەوەی شەوی رابردوو روویدا کردەیەکی پێشێلکارانە بوو؛ جێگەی قبووڵ نییە کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق رێگەیان لە خۆپێشاندەران نەگرتووە لەوەی بۆ دووەم جار بچنە نێو باڵەخانەی باڵیۆزخانەی سوێد و زیانی پێبگەیێنن."