دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق: هیچ گەشتێکی فڕۆکەوانی لەنێوان عێراق و سوێد نییە

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق رایگەیاند، عێراق و سوێد هیچ گەشتێکی راستەوخۆیان لەنێواندا نییە کە لە رێگەی هێڵی ئاسمانی عێراق یان سوێدەوە بۆ فڕۆکەخانەکانی یەکتر بکرێت.
 
شەوی پێنجشەممە، 20-7-2023، جیهاد کازم، گوتەبێژی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق، لەبارەی گەشتی فڕۆکەوانیی نێوان سوێد و عێراق، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هێڵی ئاسمانیی عێراق هیچ گەشتێکی بۆ سوێد نییە و هیچ فڕۆکەیەکی ئێمە راستەوخۆ ناچێتە فڕۆکەخانەکانی سوێد، فڕۆکەی ئەو وڵاتەش نایەنە عێراق."
 
روونیشیکردەوە، "ئەگەر گەشتەکان هەبوایە ئەو کات پابەند دەبووین بە هەر بڕیارێکی حکومەتی عێراقەوە تایبەت بە پرسە فڕۆکەوانییەکان لەگەڵ هەر وڵاتێک بێت." 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20-7-2023، سەلوان مۆمیکا، پەنابەری عێراقی لە سوێد لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم هەوڵی سووتاندنی قورئانی پیرۆز، ئاڵای عێراق و وێنەی موقتەدا سەدر و عەلی خامنەیی دا، دوای سووکایەتیکردن بە بەشێک لەوانە، نەیسووتاندن و بەردەم باڵیۆزخانەی جێهێشت.
 
حوزەیرانى رابردوو، سەلوان مۆمیکا، کە پەنابەرێکی تەمەن 37 ساڵانی عێراقییە لە سوێد، لەبەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵمی پایتەختی ئەو وڵاتە کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند.
 
بەرەبەیانی ئەمرۆ پێش کارەکەی سەلوان مۆمیکا، سەدان خۆپێشاندەری نزیک لە رەوتی سەدری چوونە سەر باڵایزۆخانەی سوێد لە بەغدا و سووتاندیان، دواتر حکومەتی عێراق داوای لە باڵیۆزی ئەو وڵاتەکرد عێراق بەجێبهێڵیت و هەڵسوڕێنەری کارەکانی باڵیۆزخانەی عێراقی لە سوێد کشاندەوە، رۆژی پێنجشەممە، 20ـی تەممووزی 2023، ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا، نیگەرانی وڵاتەکەی لە هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا لەلایەن خۆپێشاندەرە عێراقییەکان دەربڕی و هێزە عێراقییەکانی بەوە تۆمەتبارکرد کە هیچ هەوڵێکیان نەداوە رێگە لە خۆپێشاندەران بگرن و گوتی: "ئازادی گردبوونەوەی ئاشتییانە هێمایەکی تایبەتە بە دیموکراسی، بەڵام ئەوەی شەوی رابردوو روویدا کردەیەکی پێشێلکارانە بوو؛ جێگەی قبووڵ نییە کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق رێگەیان لە خۆپێشاندەران نەگرتووە لەوەی بۆ دووەم جار بچنە نێو باڵەخانەی باڵیۆزخانەی سوێد و زیانی پێبگەیێنن."