لە گۆڕەپانێکی بەغدا و لە شاشەیەکی گەورەدا ڤیدیۆی نەشیاو نیشاندەدرێت؛ بووەتە ترێندی (X)


رووداو دیجیتاڵ

شەوی رابردوو یەکێک لە شاشەکانی رێکلامکردن لە گۆڕەپانێکی بەغدا هاککرا و لەبری رێکلامی بازرگانی، فلیمێکی پۆڕنی چووەسەر و بەهۆیەوە ناوی گۆڕەپانەکە بووە ترێندی تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) و نیگەرانیی لێکەوتەوە. بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئەمیندارێتیی بەغداش دەڵێت، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو بابەتە پێکهێندراوە و ئەمڕۆ کۆدەبێتەوە.
 
رۆژی یەکشەممە، 20-8-2023، محەممەد روبەیعی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئەمینداریێتیی بەغدای پایتەختی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هێشتا روون نییە هۆکاری بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە نەشیاوە چییە، بەڵام لیژنەیەکی لێکۆڵێنەوە پێکهاتووە، بڕیارە کاژێر 2ـی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمیندارێتیمان و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی ئاسایشی نیشتمانی و ئاسایشی سایبەری بەڕێوەبچێت بۆ ئەو مەبەستە و زانینی هۆکارەکانی ئایا بە ئەنقەست بووە یان نا."
 
شەوی رابردوو، یەکێک لە شاشە گەورەکانی رێکلامی بازرگانی لە گۆڕەپانی عوقبە بن نافیع لە ناوچەی کەڕادەی بەغدا کە یەکێکە لە ناوچە و شوێنە قەرەباڵخەکانی شەوانی بەغدا، فیلمێکی پۆڕن نمایشکرا و لەلایەن هەندێک لە رێبوارانەوە وێنەی گیرا و بڵاوکرایەوە.
 
بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەکە لەو شاشەیەوە کە هێشتا بەرپرسانی کارگێڕێی بەغداش هۆکارەکەی نازانن، کە ئایا بەبێ ئاگایی بووە یان بەپلان بووە، نیگەرانیی بەشێک لە دانیشتووانی بەغدای لێکەوتەوە و بووە هۆی ئەوەی سەرجەم شاشەکانی رێکلامی بازرگانی لە شوێن و گۆڕەپانەکانی بەغدا بکوژێندرێتەوە.
 
دوای رووداوەکە هێزە ئەمنییەکان لە بەغدا رێوشوێنی تووندی ئەمنییان لەو گۆڕەپانە و ناوچەی کەڕادە بەگشتی گرتەبەر و بەپێی زانیارییەکانی رووداو، دەستیان بە پشکنینی سەرجەم شاشە گەورەکان دەستپێکرد، رووداوەکەش بەناوی گۆڕەپانەکەوە بووە ترێند لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X).