سوودانی سەرجەم هێزەکان لە بەغدا دەخاتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق سەرجەم هێزەکانی بەغدای خستەی ئامادەباشیی جۆری "ج"ەوە. بەگوێرەی بەرپرسێکی پۆلیسی بەغدا، بابەتەکە پەیوەندیی بە دۆخێکی ئاساییەوە هەیە و "هیچ مەترسییەک لەسەر بەغدا نییە."
 
بەپێی نووسراوێکی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، لە رۆژی شەممە 19-08-2023وە سەرجەم هێزەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا/بەری کەرخ، فەرماندەیی هێزەکانی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا/بەری رەسافە، بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری بازگە و رێگەوبانە دەرەکییەکان، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی بەغدا، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی فریاکەوتن و بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی بەغدا خراونەتە ئامادەباشی لە جۆری "ج"ەوە.
 
بەپێی ئەو نووسراوە، بڕیارەکە لەسەر بنچینەی بڕیارێکی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەرکراوە. لە نووسراوەکەدا داوا کراوە سەرجەم فەرماندە و بەرپرسانی هێزەکان ئامادەبن و لەگەڵ هێزەکانیان بن و مۆڵەتدان بە ئەندامانی هێزەکانیان رابگرن.
 
نەقیب موئەیەد کاتع لە پۆلیسی فریاکەوتنی بەغدا لەبارەی ئەو دۆخەوە رۆژی یەکشەممە 20-08-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "فەرمانەکە لە سەرووی خۆمانەوە پێمان گەیشتووە. هیچ هەڕەشەیەک نییە. هەندێک رێوشوێنی ئەمنی گیراونەتەبەر و جار جار ئەو جۆرە رێکارانە هەن."
 
جموجۆڵەکە لە کاتێکدایە، رۆژی شەممە 19-08-2023 موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر راگرتنی چالاکییە سەربازییەکانی سەرایا سەلامی باڵی چەکداریی رەوتەکەی راگەیاند.