دادگەی فیدراڵی داواکارییەک دژی سوودانی لەبارەی گازی هەرێمی کوردستان رەتدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق داوایەکی ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دژی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەهۆی رێکارەکانی کڕینی گازی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان رەتکردەوە. ئەندامێکی لیژنەی کارەبا و وزەی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، "لێکتێگەیشتن لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەوبارەیەوە هەیە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە گازی هاوردەکراوی دەرەوە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا."
دادگەی باڵای فیدراڵی دەقی رەتکردنەوەی ئەو داوایەی بڵاوکردەوە کە تێیدا پەرلەمانتار عودەی عەواد، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی فراکسیۆنی سادیقونی سەر بە عەسائیبی ئەهلی حەقی بڵاوکردەوە، تێیدا داوا لە دادگەی باڵای فیدراڵی دەکات خەسڵەتی بەپەلەی "فەرمانی وەلائی"ی بداتێ بۆ ئەو سکاڵایەی لە رۆژی 27ی تەممووزی ئەمساڵ دژی محەممەد شیاع سوودانی تۆماریکردووە و تێیدا داوا دەکات رێکارەکانی کڕینی ئەو گازەی لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەردەهێندرێت،" رابگیرێت.
ئەو پەرلەمانتارە پارێزگاریکردن لە سامانی گشتی و بەفیڕۆنەدانی، تاوەکو سکاڵاکە کە لە دادگەی فیدڕاڵی کراوە یەکلایی دەبێتەوە، بە پاساو بۆ ئەو داوایەی هێناوەتەوە، بەڵام دادگەی فیدراڵی لە دانیشتنی رۆژی 09-08-2023 بە سەرۆکایەتیی دادوەر جاسم محەممەد عەبود و ئەندامێتیی هەشت دادوەر ئەو داوایەی رەتکردووەتەوە و پاساویشی ئەوە بووە "هیچ پێویستییەک بۆ پێدانی خەسڵەتی بەپەلە و پێویستیی دەرکردنی بڕیاری بەپەلەی نییە،" بەو پێیە سکاڵاکە لە رۆژی خۆیدا تاوتوێ دەکرێت.
عودەی عەواد، کە تائێستا ژمارەیەک سکاڵای لە دژی هەرێمی کوردستان لە دادگەکە تۆمار کردووە، لەنێویاندا دژی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، داوای لە دادگەکە کردووە ئەو رێکارانەی عێراق بۆ گازی سرووشتیی کێڵگەکانی کوردستان هەیەتی، رابگرێت و دادگە ئەو بابەتە بە نادەستووری بزانێت.
ئامانج مەحموود، ئەندامی لیژنەی کارەبا و وزەی عێراق لەبارەی ئەو سکاڵایەوە رۆژی یەکشەممە 20-08-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لێکتێگەیشتنێک لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە بۆ پێدانی بەشێک لە گازی کێڵگەی کۆرمۆر بە عێراق بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە گازی دەرەوە و بۆئەوەی بتوانێت چەند مێگاواتێک کارەبای لێ بەرهەم بهێنێت، بەڵام بڕەکە کەمە."
رۆژی یەکشەممە 20-08-2023 کاڤین شێخ سەعید، ئەندامی لیژنەی وزە و کارەبای پەرلەمانی عێراق لەبارەی ئەو بڕەی کە هەرێمی کوردستان بە بەغدای دەدات، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای ئەوەی ئێران بە ئەنقەست ئەمساڵ و لە گەرمەی هاوین ناردنی گازی بۆ عێراق کەمکردەوە، عێراق بڕیاریدا گاز لە هەرێمی کوردستان و جەزائیر و قەتەر و شوێنی دیکە هاوردە بکات، ئێستا رۆژانە بڕی 100 مەقمەق گازی سرووشتی لە هەرێمی کوردستان دەدرێتە بەغدا بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا."
عێراق بۆ بەرهەمهێنانی بەشێک لە بەرهەمی کارەبای پشت بە گازی ئێران دەبەستێت، بەڵام بەهۆی چەند کێشەیەکەیەوە هەوڵەکانی دەستپێکردووە بۆ کەمکردنەوەی رادەی پشتپێبەستن بە گازی ئێران لەنێویاندا پەنابردن بۆ گازی قەتەر و تورکمانستان وەکو جێگرەوەی گازی ئێران.
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا، عێراق رۆژانە پێویستی بە 32 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە. بەڵام لە لووتکەی توانایاندا، بە گوێرەی بەرپرسانی عێراق، وێستگەکانی وڵاتەکە 26 هەزار مێگاوات بەرهەمدێنن.