هەرێمی کوردستان یەکەمە؛ هەر بەربژێرێک چەند دەنگدەری پارێزگاکەی بەردەکەوێت؟

 
رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە بەراوردکردنی دەنگدەر بە ژمارەی بەربژێرانی لە ریزبەندی پێشەوەی عێراقە، کە لە نێوان 13 بۆ هەشت هەزار دەنگدەرە بۆ هەر بەربژێرێک. کەمترین لەسەر ئاستی عێراق بەغدایە کە هەر بەربژێرێک 1.8 هەزار دەنگدەری بەردەکەوێت.
 
حەوت هەزار و 769 بەربژێر لە 18 پارێزگای عێراق و هەرێمی کوردستان رکابەری دەکەن لەسەر 329 کورسی پەرلەمانی عێراق، لە رێگەی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی دەنگی 21.4 ملیۆن دەنگدەرەوە کە دەتوانن لەو هەڵبژاردنەى پەرلەمانى عێراق دەنگ بدەن کە لە 11ى تشرینى دووەم ئەنجام دەدرێت.
 
ژمارەی دەنگدەر بەرامبەر بە ژمارەی بەربژێران بەگوێرەی پارێزگاکان دەگۆڕێت، پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە ریزبەندی پێشەوەی زۆرترین دەنگدەرە بەرامبەر بە بەربژێران.
 
دهۆک یەکەمە
 
لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان 108 بەربژێر هەن کە رکابەری دەکەن بۆ بەدەستهێنانی 16 کورسی ئەو پارێزگایە کە یەک ملیۆن و 87 هەزار و 880 کەس دەتوانن دەنگ بدەن. بەوپێیە هەر بەربژێرێکی پارێزگاکە، 10 هەزار و 72 دەنگدەریان بەردەکەوێت.
 
بازنەی پارێزگای سلێمانی کە هەڵەبجەشی لەگەڵدایە، 136 بەربژێری هەیە بۆ 18 کورسی پشکەکەی بۆ پەرلەمانی عێراق. لەکاتێکدا یەک ملیۆن و 201 هەزار و 658 دەنگدەری هەیە، بەوپێیە هەر بەربژێرێکی هەشت هەزار و 835 دەنگدەری بەردەکەوێت.
 
هەرچی دهۆکە کە 59 بەربژێری هەیە و رکابەری لەسەر 12 کورسی دەکەن، 778 هەزار و 846 دەنگدەری هەیە. بەوپێیە هەر بەربژێرێکی 13 هەزار و 200 دەنگدەری بەردەکەوێت.
 
ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژارد بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: لەو پارێزگایەی کە ژمارەی بەربژێر زۆر و دەنگدەر کەم بێت، بەهاى کورسی کەمتر دەبێت و رێژەی بەشداریی ئەو پرسە دەگۆڕێت، بەڵام لەهەمان کاتیدا بەهای دەنگدەریش  زیاتر دەبێت لەبەر ئەوەی ژمارەیان کەمە."
 
بەغدا کەمترینە
 
لە بازنەی بەغدا زۆرترین بەربژێر رکابەری دەکەن کە 2298 بەربژێرن بۆ بەدەستهێنانی 71 کورسی پارێزگاکە. ئەو پارێزگایە زۆرترین دەنگدەریشی هەیە لەسەر ئاستی عێراق کە چوار ملیۆن و 314 هەزار و 866 دەنگدەرن. بەوپێیە هەر بەربژێرێکی بەغدا هەزار و 877 دەنگدەریان بەردەکەوێت.
 
دووەم زۆرترین بەربژێر لە نەینەوایە کە 1047 بەربژێرن و رکابەری لەسەر 34 کورسیی پارێزگاکە دەکەن. دەنگدەرانی نەینەوا دوو ملیۆن و 102 هەزار و 429 دەنگدەرن. بەوپێیە هەر بەربژێرێکی 2008 دەنگدەری بەردەکەوێت.
 
دوو پارێزگا و یەک ژمارە بەربژێر
 
دوو پارێزگای عێراق هەمان ژمارەی بەربژێریان هەیە کە هەر یەکەیان 571 بەربژێرە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە بەسرە و زیقارن، بەڵام ژمارەی دەنگدەرانیان جیاوازە.
 
بەسرە 25 کورسى لە پەرلەمانی عێراق هەیە و ژمارەی دەنگدەرانی یەک ملیۆن و 622 هەزار و 855 کەسە. بەوپێیە هەر بەربژێرێکی 2842 دەنگدەری بەردەکەوێت.
 
ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای زیقار کەمترە لە بەسرە، کە یەک ملیۆن و 138 هەزار و 694 دەنگدەرن و هەر بەربژێرێکی 1994 دەنگدەری بەردەکەوێت، لەکاتێکدا پشکى پارێزگاکە  لە پەرلەمان 19 کورسییە.
 
موسەننا کە کەمترین بەربژێر و دەنگدەری هەیە لەسەر ئاستی عێراق، هەر بەربژێرێکی 4054 دەنگدەری بەردەکەوێت، بەوپێیەی 510 هەزار و 867 دەنگدەری هەیە لەبەرامبەر بە 126 بەربژێر.
 
ئارام جەمال دەڵێت: "لەو پارێزگایەی کە ژمارەی دەنگدەر زۆر و بەربژێر کەم دەبن، بەهای کورسی زۆر دەبێت بەوپێیەى دەنگەکان بەسەر لیست و بەربژێری جیاوازدا دابەش دەبن ، ئەوەی توندى رکابەرییەکانیش یەکلا دەکاتەوە دۆخ و سروشتى هەر پارێزگایەکە."
 
بەهەمان پێوەر، ژمارەی دەنگدەر بەرامبەر بە بەربژێر لە پارێزگاکانی دیکە بەم شێوەیە دەبن:
کەرکووک؛ هەر بەربژێرێک 3817 دەنگدەرى بەردەکەوێت
ئەنبار: هەر بەربژێرێک 3860 دەنگدەری بەردەکەوێت
دیوانیە: هەر بەربژێرێک 2576 دەنگدەری بەردەکەوێت
نەجەف: هەر بەربژێرێک 2686 دەنگدەری بەردەکەوێت
بابل: هەر بەربژێرێک 2391 دەنگدەری بەردەکەوێت
دیالە: هەر بەربژێرێک 2936 دەنگدەری بەردەکەوێت
سەلاحەدین: هەر بەربژێرێک 2909 دەنگدەری بەردەکەوێت
کەربەلا: هەر بەربژێرێک 2916 دەنگدەری بەردەکەوێت
مەیسان: هەر بەربژێرێک 4362 دەنگدەری بەردەکەوێت
واست: هەر بەربژێرێک 3202 دەنگدەری بەردەکەوێت