لە نەجەف 1300 قوتابی لە کەرەڤانەدا دەخوێنن
رووداو دیجیتاڵ
لە یەکێک لە گەڕەکەکانی نەجەف هەزار و 300 قوتابی لە قوتابخانەیەکی 14 پۆلی لە نێو کەرەڤانەدا وانە دەخوێنن، هەر پۆلێک نزیکەی 90 قوتابی تێدایە، تەختەکانی کەرەڤانەکە خراپ بوون و مەترسی لەسەر گیانی خوێندکارەکان دروستکردووە. هەروەها کێبڵەکانی کارەبا نزیکن لە کەرەڤانەکانەوە و مەترسیی دروستبوونی شۆرتی کارەبا و ئاگرکەوتنەوەی لێدەکرێت.
ئەو خوێندکارانە چارەنووسیان وایە کە لە خێزانێکی هەژارەوە هاتبن کە توانای دابینکردنی کەشی خوێندنی گونجاویان بۆیان نەبێت، ئەوان بوونەتە قوربانیی فێرکردنی حکومی، چونکە 1300 قوتابی دەچنە یەک قوتابخانە، کە پۆلەکانی خوێندنی لە ژمارەیەک کەرەڤانەی پەککەوتوو پێکهاتووە.
عیماد جەزار، مامۆستایەکی قوتابخانەکە دەڵێت، رووپۆشی ناوەوەی کەرەڤانەکان ئێکسپایەر بوو، چونکە لە تەختە دروستکراوە و نزیکە لەوەی بەیەکجاری رۆبچێت، لەبەرئەوەی نیوەی شکاوە، هەروەها بنمیچەکانی ئەم قوتابخانە کەرەڤانەییە، بەکەڵکی خوێندن نایەت، هیچ کاتێک.
قوتابخانەکە بەسەر 14 پۆلی ناڕێکخراودا دابەشکراوە، هەر پۆلێک جمەی دێت لە قوتابیان و لە نێوان 70 تا 90 قوتابی تێدایە. عەلی محەممەد، قوتابیی شەشی سەرەتاییە و دەڵێت، "هاتم بۆ قوتابخانە بۆ خوێندن، بەڵام نە کتێب هەیە و نە دەستشۆر بۆ قوتابییەکان، گۆڕەپانەکە جمەی دێت و ناتوانم هیچ بخوێنم و بەئیسراحەت دانیشم، هەموو تەختەکانی دانیشتن شکاون و دەرگاکانیش بەهەمان شێوەن".
عامر حەسوون، باوکی قوتابییەک دەڵێت، "دوای تەواوبوونی خوێندن، شەقامی بەردەم قوتابخانەکە لەبەر قەرەباڵخیی قوتابیان کێشە بۆ هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکانیش دروستدەبێت، کێشەیەکی دیکە ئەوەیە کە کێبڵەکانی کارەبا بە قوتابخانەکەوە نووساون لە پشتەوە، زستانان زۆرجار شۆرتی کارەبا روودەدات، لەبەرئەوە ئێمە هەموومان لە چارەنووسی منداڵەکانمان دەترسین".
دایک و باوکی منداڵەکان، ناچاربوون ناوی منداڵەکانیان لەم قوتابخانەیەدا بنووسن، چونکە ئەمە تاکە قوتابخانەی گەڕەکەکەیە
حوسێن خدر، باوکی قوتابییەک دەڵێت، "ئێمە ناچارین منداڵەکانمان بهێنینە ئەم قوتابخانەیە، لەبەرئەوەی هۆکاری گواستنەوە بۆ شوێنەکانی دیکە نییە تا بیانبەینە قوتابخانەی دیکە، من منداڵەکانی خۆمم هێناوەتە ئێرە و ناچارم، چونکە هیچ شوێنێکی دیکە نییە و هیچ قوتابخانەیەکی نزیکیش لەم ناوەدا نییە".