سێنتکۆم: لە دوو مانگی رابردوودا 13 چەکداری داعشمان کوشتوون
رووداو دیجیتاڵ
نێوەندی فەرماندەیی فەرماندەی سوپای ئەمریکا - سێنتکۆم، چالاکییەکانی لە هەردوو مانگی ئەیلوول و تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لە عێراق و سووریای رایگەیاند، ئاشکرای کرد لەو ماوەیەدا 79 ئۆپەراسیۆنیان لە دژی داعش کردووە، کە 53یان لە عێراق بوون.
رۆژی دووشەممە، 20-11-2023، ئێریک کۆرێلا، فەرماندەی سێنتکۆم رایگەیاند، فەرماندەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا شان بە شانی هاوپەیمانەکانی و هاوبەشەکانی دیکەیان 79 ئۆپەراسیۆنیان دژ بە داعش کردووە کە لە ئەنجامیاندا 13 چەکداری چالاکی داعش کوژران و 78 چەکداریشیان بە هاوکاری هاوبەشانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دەستگیرکران.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە لە نێو دەستگیرکراوەکاندا چەند سەرکردەیەکی داعش، ئەندام، یارمەتیدەر و ئەندامانی شانەی نووستوو و پلانداڕێژەرانی تایبەت بە ئازادکردنی زیندانییانی داعش لە زیندانەکانی ناوچەکە، هەن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە لە مانگی ئەیلوولەوە سێنتکۆم لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و هاوبەشەکانیان 31 ئۆپەراسیۆنی دژ بە داعشیان کردووە کە بوونەهۆی کوژرانی هەشت چەکداری داعش و دەستگیرکردنی 19 چەکداری دیکە.
هەروەها لە مانگی تشرینی یەکەمیشدا 48 ئۆپەراسیۆن کران، هەشت چەکداری داعش کوژران و 59یان دەستگیرکران.
کۆرێلا گوتی، "ئەم ئۆپەراسیۆنانە پابەندبوونی بەردەواممان بە تێکشکاندنی هەمیشەیی داعش دەردەخات؛ هەروەها پێویستی هەوڵە سەربازییەکانمان پێشاندەدات بۆ رێگریکردن لە ئەندامانی داعش لە هێرشکردن و کۆنترۆڵکردنەوەی زەوی".
لە راگەیێنداوەکەی سێنتکۆمدا هاتووە؛ بۆ هەردوو مانگی ئەیلوول و تشرینی یەکەمی 2023، لە عێراق 53 ئۆپەراسیۆنی هاوبەش کراون و بوونەتە هۆی کوژرانی 10 چەکداری داعش و دەستگیرکردنی 33یان؛ لە سووریاش 23 ئۆپەراسیۆنی هاوبەش و سێ ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی ئەمریکا کراون و بەهۆیانەوە سێ چەکداری داعش کوژران و 45ی دیکەیان دەستگیرکراون.
ئۆپەراسیۆنەکان بە گوتەی ئێریک کۆرێلا، فەرماندەی سێنتکۆم "پابەندبوونی ئەمریکا بە تێکشکاندنی هەمیشەیی داعش دەخاتەڕوو".