بەرپرسێکی رەوتی حیکمە: سوودانی و مالیکی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بەربژێر کردووە

رووداو دیجیتاڵ

سەرکردەیەکی دەستەی گشتی رەوتی حیکمە ئاشکرای دەکات، لە کۆتایی کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا ڤیتۆ لەسەر دووبارە بەربژێرکردنەوەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی ئێستا بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو هەبووە، بەڵام ئێستا ڤیتۆیەکە هەڵگیراوە و چانسی زیاتربووە و گوتیشی، "تائێستا سوودانی و مالیکی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بەربژێرکردووە." 
 
رەحیم عەبودی، ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە دڵدار هەرکی پێشکێشیکرد باسی لە ئەنجامی هەڵبژاردنی عێراق و کارەکانی کۆمیسیۆن کرد و گوتی، "ئەم هەڵبژاردنە لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی رابردوو لەرووی چەندێتی و چۆنیەتی و میکانزمەکانی جیاواز بوو، بۆیە رێژەی بەشداری زۆر باش بوو،  بازدانێکی گەورەیە بۆ دەوڵەتی دامەزراوەیی و دیموکراسییەکی راستەقینە، رۆڵی کۆمیسیۆن زۆر خێرا و بەرز و بەتوانا و پاک و بێگەرد بوو." 
 
رۆژی سێشەممە 11-11-2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، رۆژی دواتر کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکەی ئاشکراکرد و رۆژی دووشەممە 17-11-2025 ئەنجامەکان راگەیێندراون، بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆن رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردن 56% بووە. 
 
رەحیم عەبودی هیواخوازە پەرلەمان و حکومەتی داهاتوو لە ئاست خواستەکانی گەلی عێراقدا بێت و دەڵێت: "هەموو لایەنەکان هەوڵیان بۆ سەرخستنی ئەم هەڵبژاردنەدا، بۆیە هیوادارین پەرەسەندن لە دۆخی سیاسی هەبێت و پەلە بکرێت لە پێکهێنانی حکومەت، هەروەها پەرلەمان لە خولی شەشەم جیاواز بێت لە خولەکانی دیکە، کاروباری زۆر هەیە کە چاوەڕێی ئەم حکومەت و پەرلەمان دەکات، لەوانە 120 پرۆژە یاسا لە پەرلەمانن کە پێویستە بکرێنە یاسا."
 
 17ی تشرینی دووەمی 2025، هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر لە بەغدا کۆبووەوە.
 
هاوپەیمانییەکە لە راگەیێنراوێکدا، پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی راگەیاند، کە بە بەشداریی سەرجەم پێکهێنەرانی ئەو هاوپەیمانێتییەیە، هەروەها بڕیاریدا دەست بە رێکارەکان بکات بۆ دیاریکرنى کاندیدی پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق.
 
عەبودی ئاشکرایکرد تائێستا ئەوان وەکو رەوتی حیکمە بەربژێریان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستنیشان نەکردووە، بەڵام تائێستا بەشێوەیەکی فەرمی هەریەک لە نووری مالیکی و محەممەد شیاع سوودانی خۆیان بۆ ئەو پۆستە بەربژێرکردووە.
 
رەحیم عەبودی گوتی: "هەموو لایەنەکان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەربژێری خۆیان دەخەنەڕوو، بەڵام فیلتەر و پرۆسەی دیاریکردن و کێبڕکێ لە رێگەی ئەو لیژنەیە دەبێت کە پێکهێنراوە بۆ ئەم مەبەستە. ئەو سەرکردەیەی حیکمە ئاماژەی بەوەشدا، "دوو فاکتەری سەرەکی هەن لە دیارکردنی ئەم بابەتە (سەرۆکوەزیر) ژمارەی کورسییەکان وەکو قورسایی پەرلەمانی، هەروەها قورسایی سیاسی، بە گشتی هەموو لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەربژێری خۆیان دەخەنەڕوو، ئەمەش بۆ بەرفراوانکردنی بەشداری و هاوبەشی لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و ئاڵوگۆڕکردنی رۆڵەکان هەروەها پێویستە هاوبەشییەکی راستەقینەش هەبێت لە نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی."
 
لایەنە شیعەکان لەو هەڵبژاردنەدا زیاتر لە 180 کورسییان بە دەستهێناوە، وەکو نەریتێکی سیاسی لە عێراقیش ئەوان پۆستی سەرۆکوەزیران یەکلادەکەنەوە، بەڵام زۆر جار بەهۆی تێبینی کورد و سوننەوە ناچاردەبن زیاتر لە بەربژێرێک پێشکێش بکەن. 
 
رەحیم عەبودی باس لەو دوو لیژنەیە دەکات کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێیهێناوە بۆ دەستنیشانکردنی چوارچێوەی بەربژێرانی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو و دەڵێت، "چوارچێوەی هاوئاهەنگی دوو لیژنەی پێکهێناوە، یەکێکیان تایبەتە بە چاوپێکەوتنی بەربژێرەکان بەپێی پێوەرەکان ژمارەیەکی دیارکراو رەنگە دوو کەس بەدەنگدان دیاریبکرێن، لیژنەکە لەلایەن هومام حموودییەوە دەستنیشانکراوە، بەڵام تائێستا وردەکاری و ئەندامانی دیار نین و دەست بەکار نەبووە، چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵی داوە ئەوپەڕی نهێنی بپارێزرێت تاوەکو دەستوەردان نەبێت." 
 
لەبارەی چانسی دووبارە بەربژێرکردنەوەی محەممەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران عەبوودی دەڵێت، "سوودانی تاوەکو ئاستێک چانسی هەیە، بەڵام دەکەوێتە سەر کۆدەنگی لایەنە سیاسییەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پێشڤەچوون و گوشارەکان، گوشاری نێوخۆی و دەرەکی هەیە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەوڵدەدات بڕیارەکە تەواو نێوخۆی بێت." گوتیشی: "چانسی سوودانی نزیکەی 30 - 50%ـە، لە دوایین کۆبوونەوە ڤیتۆ کرا، بەڵام ئەم ڤیتۆیە هەڵگیراوە، هەڵگرتنی ڤیتۆ مانەی ئەوەیە چانسی زیاتر بووە، بەڵام بەو واتایە نایەت، کە بابەتەکە یەکلاییبووەتەوە."