بافڵ تاڵەبانی بۆ سوودانی: لە ناردنی مووچە پەلە بکرێت


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و داوای لێکرد "لە ناردنی مووچە پەلە بکرێت و مافی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بپارێزرێت".
 
ئەمڕۆ شەممە، 20-12-2025، بافڵ جەلال تاڵەبانی و محەممەد شیاع سوودانی لە بەغدا کۆبوونەوە. 
 
بافڵ تاڵەبانی لە فەیسبووکی خۆی راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، جەخت لە یەکخستنی هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز کرایەوە کە دیدگاکەی خزمەتکردنی خەڵک و بەهێزکردنی پایەکانی دەوڵەتداری بێت. 
 
لە کۆبوونەوەکەدا، نزار ئامێدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و د. خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق بەشداربوون.
 
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بافڵ جەلال تاڵەبانی داوای لە محەمەد شیاع سودانی کرد لە ناردنی مووچە پەلە بکرێت و مافی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بپارێزرێت". 
 
ئاماژە بەوەش کراوە، لای خۆیەوە، سەرۆکوەزیرانی عیراق پابەندبوونی بە رێککەوتنەکان دووپاتکردەوە و گوتی، "جەخت لە پاراستنی مافی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە".