دادگەی فیدراڵی نەناردنی مووچەی بە نادەستووری ناوبرد و 11 کورسیی کۆتای پێکهاتەکانیشی نەهێشت


رووداو دیجیتاڵ

دادگەی فیدراڵیی عێراق نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بە نادەستووری ناوبرد و چارەنووسی مووچەی بەستەوە بە پابەندییە داراییەکان.
 
حەیدەر سۆفی، پارێزەری وەزارەتی دارایی عێراق بە رووداوی گوت، "ئەوەی لە مادەی 12 لە یاسای بودجەدا هاتووە هەروەها لە یاسای کارگێڕی دارایی-شدا، پێویستە لەسەر هەرێمی کوردستان سەرجەم داهاتەکانی رادەستی خەزێنەی گشتی بکات وەکو هەموو پارێزگاکان بۆ ئەوەی حکومەتی فیدراڵی پارەی مووچە بنێرێت."
 
لەسەر یاسای هەڵبژاردنیش، دوای 11 جار دواخستنی بڕیاردان، دادگەی فیدراڵیی عێراق 11 کورسیی پەرلەمانی کوردستانی کەم کردەوە و رایگەیاند، نابێ کورسییەکان لە 100 زیاتر بن و بازنەکانی هەڵبژاردن لە 4 کەمتربن.
 
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەرچاوی روونە و لە رۆژانی داهاتوودا دەرگەی تۆمارکردنی ناوی لیست و قەوارە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، "ئێستا کۆمیسیۆن بەتەواوەتی ئامادەیە بۆ دیاریکردنی تۆماری دەنگدەران و تۆمارکردنی حیزبەکان لە رۆژانی داهاتوو، ئەوانەی لە کارنامەکەماندا هاتووە جێبەجێی دەکەین، وەک دابەشکردنی دەنگدەران و ناوەندەکانی هەڵبژاردن و وێستگەکانی هەڵبژاردن هەروەها دابەشکردنی کارتی دەنگدەران بۆ ئەوانی زانیارییەکانیان نوێکردووەتەوە."
 
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق چاوەڕێی دەرچوونی مەرسوومی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ دیاریکردنی کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.