وەزارەتی دەرەوەی عێراق: وەڵامی رەوەندی عێراقی لە سوودان دەدەینەوە


رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، کاردەکەن بۆ وەڵامدانەوەی رەوەندی عێراقی لە سوودان و ئاماژە بەوەش دەکات، "بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی سوودان هاوئاهەنگ دەبین."
 
رۆژی هەینی 21-4-2023، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبارەی رەوەندی عێراقی لە سوودان کە بەهۆی شەڕی نێوان هێزەکانی سوپای ئەو وڵاتە و هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێراوە مەترسی لەسەر خەڵک دروستبووە و تاوەکو ئێستا سەدان کەس کوژراون، رایگەیاند: "ئەوپەڕی کاردەکەین بۆ وەڵامدانەوەی رەوەندی ئازیز لە سوودان و لەگەڵ لایەنەکانی پەیوەندیدار لەو وڵاتە هاوئاهەنگ دەبین."
 
لە 15ـی ئەم مانگەوە تاوەکو بەیانیی رۆژی هەینی، شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوپای سوودان بە سەرکردایەتیی عەبدولفەتاح بورهان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا بە سەرکردایەتیی محەممەد دەگەلۆ بەردەوام بوو.
 
ئەمڕۆ هەینی ئاگربەست راگەیێندرا، ئەوەش دوای ئەوە هات رۆژی پێنجشەممە 20ـی نیسانی 2023، ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، بە بۆنەی جەژنی رەمەزانەوە داوای "لانیکەم سێ رۆژ ئاگربەست" دەکەن و گوتی، "ئێمە لە ساتێکی زۆر گرنگی رۆژژمێریی موسڵماناندا دەژین. پێم وایە ئەمە کاتی گونجاوە بۆ ئەوەی ئاگربەستێک رابگەیێندرێت." 
 
تەندروستیی جیهانی ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردەوە، سەروو 400 کەس لە هەفتەیەکی شەڕی سووداندا کوژراون و سەروو سێ هەزار و 500 کەسی دیکەش بریندار بوون.