عێراقییەکان بەدوای ژنە شۆخەکەی باڵیۆزدا دەگەڕێن
رووداو-هەولێر
دەرکەوتنی هاوژینی باڵیۆزی عێراق لە ئوردن لەگەڵ گۆرانیبێژی لوبنانی راغب عەلامە، نیگەرانیی زۆری شەقامی عێراقی بەدوای خۆیدا هێنا. وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڕیاریدا بانگهێشتی باڵیۆزەکە بکات، ژمارەیەک پەرلەمانتاریش داوای دەستلەکارکێشانەوەی دەکەن، رەخنەگران دەڵێن، عێراق دەکوڵێت و باڵیۆز و خێزانەکەی لە خۆشگوزەرانی دان.
زۆری نەخایاند بڵاوبوونەوەی وێنەکانی راغب عەلامە، گۆرانیبێژی دیاری عەرەب و لوبنان لەگەڵ حەیدەر مەنسوور عەزاری، باڵیۆزی عێراق لە ئوردن و مەیسەم روبەیعیی هاوژینی گڕی لە تۆڕەکانی سۆشیاڵ میدیا لە عێراق بەردا و خەڵکانێکی زۆر وێنەکانیان دووبارە بڵاوکردەوە و کۆمێنت و بۆچوونی خۆیان لەسەر نووسی کە بەشی زۆریان بە "وێنەی خراپ" ناویان هێنا، راغب عەلامەش لە دوێنێوە بووەتە ترێند و لە زۆرترین پۆستەکانی تویتەر باسکراوە و ناوهێنراوە.
وێنەکان چین؟
راغب عەلامە، گۆرانیبێژی لوبنانی سێ وێنەی خۆی و خانەوادەی حەیدەر عەزاریی باڵیۆزی عێراق لە ئوردن لە هەژمارەی خۆی لە تویتەر بڵاوکردەوە، دەرکەوتنی مەیسەم روبەیعی کە جلوبەرگێکی ئاسایی پۆشیوە لە ماڵەکەی خۆی، لە وێنەکەدا وەکو نیمچە باوەشپێداکردنێك رووی لە راغب و پشتی لە مێردەکەیەتی و، بووە هۆی ئەوەی بەشێک لە بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا رەخنەی زۆر لەو دۆخە بگرن و بە پەیوەندیی و راوەستانی نێوان دوو خۆشەویستی هەژمار بکەن، کە بە قسەی ئەوان بۆ خانەوادەی باڵیۆزی عێراق و شکۆی دیپلۆماسییەتی عێراق "ناگونجێت"، هەرچەندە جلەکانی مەیسەم روبەیعی تەواو ئاساییە.
لە وێنەیەکی دیکەدا مەیسەم روبەیعی قۆڵی لە قۆڵی راغب عەلامەوە هەڵێکیشاوە و دەستی تووند گرتووە و زۆر بە سەرسامییەوە تەماشای دەکات.
وێنەی سێیەمیان راغب عەلامە و مەیسەم روبەیعیی هاوژینی باڵیۆزەکەی عێراق لە باوەشپێداکردنەوە نزیکە و گۆرانیبێژە لوبنانییەکە ناوقەدی هاوژینی باڵیۆزەکەی عێراقی گرتووە.
راغب عەلامە و وەزارەتی دەرەوە چییانگوت؟
راغب عەلامە، گۆرانیبێژی لوبنانی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وێنەکاندا نووسیویەتی: "لە دڵەوە سوپاس بۆ بەرێز حەیدەر مەنسوور عەزاری، باڵیۆزی عێراق لە ئوردن و هاوژینەکەی بەڕێز مەیسەم روبەیعی، بۆ ئەو میوانداریکردنە بەخشندانە و جوان و خۆشە، هەروەها بۆ ئەو پێشوازیکردن و بەخێرهێنانە زۆرە، بە دیدارتان زۆر خۆشحاڵ بووم لەو کەشەی نزیک لە دڵ و پڕ لە خۆشەویستی و خۆشی بوو".
تویتەکەی راغب عەلامە و بڵاوکردنەوەی وێنەکان، گڕی لە سۆشیاڵمیدیا لە عێراق بەردا، بەشێکی زۆری رەخنەگران باسیان لەوە دەکرد دوای نزیکەی 11 مانگ ناکۆکی لە عێراق و کوڵانی عێراق لەنێو خۆپێشاندان و ئەگەری شەڕی نێوخۆیی، باڵیۆزی عێراق لە ئوردن لەوپەڕی خۆشی و خۆشگوزەرانی دەژیت، وەکو ئەوەی وڵاتەکەی هیچ کێشەیەکی نەبێت و لە کەیف و سەفای خۆی ناکەوێت.
ئەو هێرشەی کرایە سەر باڵیۆز و هاوژینەکەی هەر زوو وەزارەتی دەرەوەی عێراقی ناچار بە روونکردنەوە کرد و رایگەیاند، بە بایەخەوە پرسەکەی وەرگرتووە و رێوشوێنی گونجاو لەوبارەیەوە دەگرێتە بەر و بەشێوەیەک بێت لەگەڵ بەهاکانی دیپلۆماسییەت بگونجێت. هەروەها فەرمانیان کردووە باڵیۆز بانگهێشت بکەن.
لوبنان سەرئێشەی باڵیۆزەکانی عێراق
حەیدەر مەنسوور عەزاری، باڵیۆزی عێراق تاکە دیپلۆماتی عێراقی نییە کە بەهۆی لوبنانییەکانەوە تووشی سەرئێشە و گرفت بووبێت. مانگی تەممووزی ئەمساڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق حەیدەر بەڕاکی باڵیۆزی عێراقی لە لوبنان کشاندەوە دوای دەرکەوتنی لە چەند وێنەیەکدا کە تێیدا ئار پی جیی لەسەر شانە و لەگەڵ گرووپێکی چەکداری لوبنانی دەردەکەوێت.
حەیدەر بەڕاک، باڵیۆزی عێراق لە لوبنان پێشتر تۆمەتبارکرا بەوەى رێگری لە یەکێک لە ئەندامانى شاندێکى حکومەتى وڵاتەکەى لە لوبنان کردووە قسە بۆ میدیاى فەرمیی عێراق بکات، بۆیە رۆژی چوارشەممە 16ى ئادارى 2022، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوە داوای کردووە حەیدەر بەڕاک، باڵیۆزى ئەو وڵاتە لە لوبنان لەسەر ئەو هەڵسوکەوتەی بانگهێشتى بەغدا بکرێتەوە.
بەگوێرەى تۆمارێکی ڤیدیۆیى کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، کاتێک پەیامنێرێکى کەناڵى عێراقییە لێدوان لە عەلا ساعیدى، یەکێک لە راوێژکارانى سەرۆکوەزیرانى عێراق وەردەگرێت لەبارەى کۆبوونەوەى لەگەڵ بەرپرسانى لوبنان، باڵیۆزى عێراق لەو وڵاتە رێگری لە وەرگرتنى ئەو لێدوانە دەکات.
رووداوەکە رۆژى دووشەممە 14ى ئادارى 2022 لە بەیرووت لە پەراوێزى کۆبوونەوەیەکى نێوان شاندى حکومەتى عێراق و بەرپرسانى وەزارەتى وزەى لوبنان روویدابوو.
حەیدەر بەڕاک لەدایکبووی ساڵی 1967ی پارێزگای بابلە، لە ساڵی 2004ـەوە لە بواری دیپلۆماسی لە عێراق کار دەکات و باڵیۆزی عێراق بووە لە بولگاریا، ئازەربایجان و کۆریای باشوور.
باڵیۆزی عێراق لە ئوردن و هاوژینەکەی کێن؟
دوای بڵاوبوونەوەی وێنەکانی هاوژینی باڵیۆز کە جگە لە دەرکەوتنی بەشێوەیەک عێراقییەکانی تووڕە کرد، بەڵام جوانییەکی سەرنجڕاکێشی هەیە، ئەمەش وایکرد گەڕانێکی زۆر لە نێو سێرچی سایتەکاندا بۆ مەیسەم روبەیعی، هاوژینی باڵیۆزی عێراق لە ئوردن بکرێت، ئەو خانمە شۆخ و شەنگە ناوی تەواو و ناسنامەی هێشتا بەتەواوەتی لەبەردەستدا نییە، بەڵام ساڵانێکە لەگەڵ حەیدەر مەنسوور عەزاریی باڵیۆز ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە. مەیسەم تەمەنی 32 ساڵە و سوننە مەزهەبە.
هەرچی حەیدەر عەزارییە، لەساڵی 2019 بووەتە باڵیۆزی عێراق لە ئوردن، لە ساڵی 1970 لەدایکبووە.
حەیدەر عەزاری لە ساڵی 2009ـەوە لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق کاردەکات، لە مینسک لە بێلاڕووس بۆ ماوەی پێنج ساڵ و نیو باڵیۆز بووە. دواتر لە ساڵی 2016 بووەتە باڵیۆزی عێراق لە رووسیا. لە 2020 بووەتە باڵیۆزی ناجێگیر لە فەلەستین، لە 9ی شوباتی 2021 وەکو باڵیۆزی رێگەپێدراوی عێراق لە فەلەستین دەستبەکاربووە، جگە لەوە لە ساڵی 2019ـەوە باڵیۆزی عێراقە لە ئوردن.
حەیدەر عەزاری دیبلۆمی لە بەڕێوەبردنی کار و ژمێریاری لە ساڵی 1996 لە بەریتانیا بەدەستهێناوە و ساڵی 1997 بکالۆریۆسی لە زانکۆی نۆتنگهام ترێنتی هەمان وڵات بەدەستهێناوە.