بەرەی ناڕازی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان زیاد دەبێت

رووداو دیجیتاڵ 

بەرەی ناڕازی و  بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان زیاتر دەبێت، هاوپەیمانێتی سەربەخۆکان داوای دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکات، هەروەها هاوپەیمانێتیی وەتەنییە و بزووتنەوەی ئیمتیدادیش بەشداریی هەڵبژاردنەکە ناکەن، رەوتی سەدریش هێشتا یاریزانە نادیارەکەی گۆڕەپانەکەیە. 
 
رۆژی دووشەممە، 21-8-2023، هاوپەیمانێتیی سەربەخۆکان کە یەکێکە لە هاوپەیمانێتییەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، کە بڕیارە لە 18ی کانوونی یەکەمی 2023 بکرێت، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "لە کاتێکدا تای هەڵبژاردن ژمارەیەک فراکسیۆنی سیاسیی کە دەیانەوێت بەسەر ئەنجوومەنی پارێزگاکان زاڵ ببن، گرتووەتەوە، دوای ئەوەی دەستیان بەسەر کورسییەکانی پەرلەمان گرت، ئەو ژمارەیەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رۆژی 19ـی ئابی 2023 لەبارەی ئامارەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان رایگەیاند، دەیسەلمێنێت پاشەکشێیەکی زۆر و دیار لە ژمارەی بەربژێران و دەنگدەراندا هەیە."
 
هاوپەیمانیێتییەکە دەڵێت: "ئەو پاشەکشێیە ئاماژەیە بۆ لێکەوتەی کرۆکی و پێویستی بە هەڵسەنگاندن و لێ وردبوونەوە و بڕیاری کاریگەر هەیە لەپێناو دەستەبەرکردنی سەرکەوتن و شەفافیەتی هەڵبژاردن."
 
هاوپەیمانیی سەربەخۆکان لە راگەیێندراوەکەیدا دەشڵێت: "بەنیگەرانی زۆرەوە لە کەمبوونەوەی ژمارەی بەربژێران دەڕوانین، چونکە کاریگەریی نەرێنی لەسەر سرووشتی پێکهاتەی ئەنجوومەنەکان و فرەیی بۆچوون و تێڕوانینەکان دەبێت، بۆیە داوای شیکردنەوەی ئەو کەمبوونەوەیەی روویداوە دەکەین."
 
رۆژی یەکشەممە، 20-08-2023 ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاری دا وادەی پێشکێشکردنى ناوى بەربژێران بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان بۆ دوو رۆژی دیکە درێژبکرێتەوە، واتە دوا وادە بۆ پێشکێشکردنی لیستەکان رۆژی سێشەممە، 22ی ئاب دەبێت و تاوەکو کۆتایی دەوامی فەرمی دەتوانرێت لیستی ناوەکان پێشکێش بکرێت.
 
فالح مەساری، یەکێک لە بەربژێرانی هاوپەیمانی سەربەخۆکان، لەبارەی کشانەوەی هاوپەیمانێتییەکەیان بە رووداوی گوت: "ئێمە نوێنەرایەتیی بەشێکی زۆری خۆپێشاندەرانی تشرینییەکانی ساڵی 2019 و گەنجان دەکەین، پێمانوایە گوشار لەسەر سەربەخۆکان زۆربوون و ئەوەش وادەکات هەڕەشەمان لەسەر بێت، بۆیە کشانەوەمان بڕیارێکی باشتر بوو لەو قۆناخە و خۆمان بۆ قۆناخی داهاتوو، کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە ئامادە دەکەین."
 
ژمارەى ئەو هاوپەیمانێتیانەى کە لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژادنەکان تۆمارکراون گەیشتووەتە 52 هاوپەیمانى کە 32یان نوێن.
 
لە 18ى کانوونى یەکەمى 2023 و بۆ یەکەمجار لەدواى 10 ساڵ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق دەکرێت، یەکەمجاریشە لە دواى 18 ساڵ ئەو هەڵبژاردنە لە کەرکووک بکرێت.
 
بزووتنەوەی ئیمتیداد: بەشداریی هەڵبژاردن ناکەین
 
راگەیێندراوی بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لەلایەن هاوپەیمانیی سەربەخۆکانەوە لەکاتێکدایە، ئەمرۆ دووشەممە، 21-8-202، بزووتنەوەی ئیمتیداد کە ژمارەیەک کەسایەتی سیاسیی و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەخۆدەگرێت و خاوەنی 16 کورسیی پەرلەمانی عێراقە، بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقی راگەیاند و هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ "دواکەوتنی لە بەستنی کۆنگرەی گشتیی یەکەم بۆ هەڵبژاردنی سەرکردایەتییەکی نوێ."
 
بزووتنەوەى ئیمتیداد بە یەکێک لە نوێنەرانى خۆپێشاندانى تشرینییەکانى 2019 دادەنرێت.
 
رەسوول سەرای، یەکێک لە پەرلەمانتارانی بزووتنەوەی ئیمتیداد، رۆژی دووشەممە، 21-8-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: " هۆکاری بەشدارینەکردنی ئێمە لە هەڵبژاردنەکان، کە پێمانەوایە هۆکارێکی باشە بۆ پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتری هاووڵاتیان بەتایبەت کە رەوت و بزووتنەوەیەکی وەکو ئیمتیداد بەشداریکردنی گرنگە."
 
15ى کانوونى یەکەمى 2021، هەردوو بزووتنەوەى نەوەى نوێ و ئیمتیداد هاوپەیمانێتییەکیان بەناوى "هاوپەیمانێتى لە پێناو گەل" پێکهێنا، کە ئەو کاتە بەهەردوو فراکسیۆنەکە 18 کورسیی پەرلەمانى عێراقیان هەبوو. بەڵام یەکى ئابى 2023، سروە عەبدولواحید، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ، کۆتاییهاتنى هاوپەیمانێتی حیزبەکەی لەگەڵ بزووتنەوەى ئیمتیداد راگەیاند و ئەو هەنگاوەى بەستووەتەوە بەکێشە نێوخۆییەکانى بزووتنەوەى ئیمتیداد.
 
رەوتی سەدر، دیارترین نادیاری هەڵبژاردنەکە
 
بەشدارینەکردنی رەوتی سەدر، لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق یەکلایی بووەتەوە، دیارنەبوونی سەدرییەکان وایکردووە هەڵبژاردنەکە ناتەواو بێت، چونکە خاوەنی ملیۆنان دەنگدەرە. بڕیاردانی سەرکردایەتیی رەوتەکە لەبارەی بەشدارینەکردنی دەنگدەرانی رەوتەکە بە بڕیارێکی سیاسیی قورس و خۆکوشتنی سیاسییش دێت، بڕیاردان بۆ بەرژەوەندیی لایەنێکیش لێکدانەوەی زیاتری بۆ دەکرێت. 
 
مستەفا عەلی ناسری، یەکێک لە سەرکردەکانی رەوتی سەدر لە ناسرییە رۆژی دووشەممە، 21-8-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رەوتی سەدر بەشداریی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ناکات، چونکە پێمانوایە ئەوەش یەکێکە لە هۆکارەکانی زیادکردنی گەندەڵی. ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە رابردوودا سەرکەوتوو نەبووە لەکارەکانی، بۆیە زنجیرەیەکی زیادەیە، پێمانوایە نابێت ببینە هۆکارێک بۆ زیادکردنی گەندەڵی و رۆتیناتی کارگێڕی."
 
ناسری گوتی "رەوتی سەدر لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 10ـی ئۆکتۆبەرەوە تووشی کۆمەڵێک رووداو بوو کە بۆی دەرکەوت ئیدی دەبێت بۆ ماوەیەک کارەکانمان رابگرین و ئەوەش بۆچوونی سەرکردەمان موقتەدا سەدرە."
 
هەرچەندە دەرگای تۆمارکردنی هاوپەیمانێتییەکان داخراوە، هێشتا تۆمارکردنی لیستی بەربژێران بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تاوەکو رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبێت، هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەی رەوتی سەدر بەشداریی لە هەڵبژاردن ناکات. 
 
پێشبینیکردن بۆ هەڵوێستەکانی موقتەدا سەدر ئاسان نییە، چونکە ئەو سەرکردەیە بڕیارەکانی لەناکاون. دەبێت چاوەڕێی گوتارێکی نوێژی هەینی، ئێکسێکی(تویتێکی) خۆی، یان وەزیرەکەی بکەی.
 
رۆژی پێنجشەممە، 15-07-2021 موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر بڕیاری دا بەشداری هەڵبژاردنەکانی 2021ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نەکات، بەڵام دواتر پاشگەزبووەوە بە بەدەستهێنانی 73 کورسی لە هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری 2021، بووە هێزی یەکەم، بەڵام رۆژی 12ـى حوزەیران، 73 ئەندامەکەى فراکسیۆنى سەدر لە پەرلەمانى عێراق دەستیان لەکارکێشایەوە.
 
سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، کە بەهۆی کشانەوەی سەدرییەکانەوە بوونەتە زۆرینەی پەرلەمانی، هەرچەندە بە رووکەش لەگەڵ بەشداریکردنی رەوتی سەدر بن، بەڵام چاوەڕێی ئەو رۆژە دەکەن، سەدر هەڵبژاردنەکە بایکۆت بکات.
 
هاوپەیمانیی وەتەنییە: گەندەڵی و دەسەڵاتی بیانی زاڵن بەسەر کەشی هەڵبژاردنەوە
 
رۆژی یەکشەممە، 20-8-2023، هاوپەیمانیی وەتەنییە، بە سەرۆکایەتیی ئەیاد عەللاوی بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی راگەیاند، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی پێیوایە زنجیرەیەکی زیادە، هاوپەیمانێتییەکە لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد: "ویستمان بەشداری هەڵبژاردن بکەین، چونکە ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەنجوومەنی خزمەتگوزاریین، بەڵام دواتر پاشکەزبووینەوە و بڕیارمان دا بەشداری نەکەین، چونکە هێشتا گەندەڵی و دەسەڵاتی بیانی بەسەر کەشی هەڵبژاردنەکەوە زاڵن، جگە لە پارەی سیاسیی کە هێشتا یاریکارێکی گەورە و سەرەکییە لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و دیموکراسییەتی ساختە."
 
هاوپەیمانێتییەکە، لەبارەی هۆکاری بەشدارینەکردنییانەوە پاساوی دیکەشی هەیە و دەڵێت: "بڕیاری بەشدارینەکردن دوای کۆبوونەوەی سەرکردەکانی حیزبی ویفاقی نیشتمانی و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حیزبەکانی نێو هاوپەیمانێتی وەتەنییە دێت، وەکو رێزێک بۆ خوێنی شەهیدان و قوربانییانی شۆڕشگێڕان کە بەردەوام گوزارشتمان لێکردووە و لە دامەزرانی حیزبی ویفاقەوە بەرگرییمان لە ئازادی و دیموکراسییەت و دادی کۆمەڵایەتی کردووە لەماوەی ئەو 40 ساڵەدا."
 
گەورەترین هاوپەیمانی کە بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکات، دەوڵەتی یاسایە، کە لە 12 حیزب پێکدێت، بچووکترینیش هاوپەیمانی تورکمانی عێراقە، کە لە نۆ حیزب پێکدێت. 
 
ژمارەی هاوپەیمانییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق:
 
بەغدا: 18 هاوپەیمانی
ئەنبار: 17 هاوپەیمانی
بەسرە: 16 هاوپەیمانی
نەینەوا: 16 هاوپەیمانی
کەرکووک: 16 هاوپەیمانی
واست: 15 هاوپەیمانی
بابل: 14 هاوپەیمانی
موسەننا: 14 هاوپەیمانی
کەربەلا: 14 هاوپەیمانی
زیقار: 13 هاوپەیمانی
قادسیە: 13 هاوپەیمانی
دیالە: 11 هاوپەیمانی
نەجەف: 11 هاوپەیمانی
میسان: 10 هاوپەیمانی
سەلاحەدین: 10 هاوپەیمانی