رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کارنامەی سێ رۆژی دانیشتنەکانی لە هەفتەی داهاتوودا بڵاوکردەوە. پەرلەمانتارێک دەڵێت، لایەنە شیعەکان هەوڵدەدەن هەفتەی داهاتوو پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی تێپەڕێنن، هەرچەندە لەبەرنامەی کاریش دا نییە.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی ئابی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەرنامەی کاری سێ رۆژی هەفتەی داهاتووی بڵاوکردووەتەوە، کە رەنگە هەفتەی داهاتوو، دوایین هەفتە بێت بۆ کۆبوونەوەکانی پەرلەمان و دواتر رەنگە کۆتایی ئەم مانگە ناوی بەربژێرەکان لەلایەن کۆمیسیۆن بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڵاوبکرێتەوە، ئەوکات هەمووان سەرقاڵی هەڵبژاردن بن.
پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی خوێندنەوە یەکەم و دووەمی بۆکراوە و تەنیا دەنگدانی ماوە، شێروان دووبەردانی، ئاماژەی بەوەکرد، هەرچەندە دەنگدان بە پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی نەخراوەتەبەرنامەی کاری ئەو سێ رۆژە، بەڵام لایەنە شیعەکان هەوڵ و گوشار دەکەن، تاوەکو لە یەکێک لە دانیشتنەکان بخرێتە بەرنامەی کارەوە، بۆ ئەوەی پرۆژەیاساکە تێپەڕێنن.
شێروان دووبەردانی، کە پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانە گوتی تاوەکو ئێستا دیار نییە فراکسیۆنەکەیان بەشداری کۆبوونەوەکانی هەفتەی داهاتوو دەکات، یان نا.
بەگوێرەی کارنامەکە، پەرلەمان رۆژانی دووشەممە، سێشەممە و چوارشەممەی هەفتەی داهاتوو کۆدەبێتەوە.
کارنامەی رۆژی دووشەممە، 25ـی مانگ، 6 بڕگە لەخۆدەگرێت، کە بریتین لە دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسایەک و خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ پێنج پرۆژەیاسای دیکە.
دەنگدان لەسەر پێشنیازەیاسای هەموارکردنی یەکەمی یاسای وەزارەتی پەروەردە دەبێت. هەروەها خوێندنەوە بۆ هەریەک لە پرۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای دیوانی وەقفی سوننی، پرۆژەیاسای چاودێریی نەوجەوانان و پێشنیازەیاسای رێکخستنی مافی کەمینەکان دەکرێت.
کارنامەی دانیشتنی رۆژی سێشەممە، 26ـی ئاب، 6 بڕگە لەخۆدەگرێت، کە بریتین لە دەنگدان لەسەر دوو پرۆژەیاسا و خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ چوار پرۆژەیاسای دیکە.
دیارترینیان دەنگدانە لەسەر پێشنیازەیاسای هەمواری دووەمی یاسای زیندانییانی سیاسی و پرۆژەیاسای رێکخستنی وزە نوێبووەوەکان، هەروەها خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای کاغەزە داراییەکان دەکرێت.
کارنامەی دانیشتنی رۆژی چوارشەممە، 27ـی مانگ، لە 7 بڕگە پێکهاتووە؛ سێیان دەنگدانە و چوارەکەی دیکە خوێندنەوەی یەکەمە.
ئەو پرۆژانەی دەنگیان لەسەر دەدرێت بریتین لە: پرۆژەیاسای تەندروستیی دەروونی، رێککەوتنی هاندان و پاراستنی دوولایەنەی وەبەرهێنان لەنێوان عێراق و سعودیە، لەگەڵ پێشنیازەیاسای هەمواری سێیەمی یاسای قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی بەهۆی کردەوەکانی رژێمی پێشووەوە زیانی جەستەیییان بەرکەوتووە.
هەروەها خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەریەک لە پێشنیازەیاسای هەمواری سێیەمی یاسای خزمەتی زانکۆیی و پرۆژەیاسای هەمواری دووەمی یاسای سندووقی قەرزی گونجاوی کشتوکاڵی دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ