لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە بەسرە 13 کەس گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ 


ئەمڕۆ سێشەممە، لە پارێزگای بەسرە رووداوێکی هاتووچۆ لەنێوان بارهەڵگرێک و پاسێکی گواستنەوەی قوتابیان روویداو و بەهۆیەوە لانیکەم 13 کەس گیانیان لەدەستدا. 
 
پاسەکە ژمارەیەک قوتابی و مامۆستای قوتابخانەیەکی بنەڕەتی لە ناحیەی سەفوان لە قەزای زوبێری سەر بە پارێزگای بەسرە هەڵگرتبوو؛ لە ئەنجامدا، شۆفێر و تەواوی سەرنشینانی پاسەکەی بەسرە گیانیان لەدەستداوە. تەنیا منداڵێک رزگاری بووە.
 
باسم قەترانی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەروەردەی بەسرە بە رووداوی راگەیاند: "6 مامۆستای ژن، دوو مامۆستای پیاو لەگەڵ 4 لە منداڵەکانیان و شۆفێرەکە گیانیان لەدەستداوە."
 
لە دوای رووداوەکە، ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە بڕیاری سێ رۆژ ماتەمینی لە پارێزگاکە راگەیاند، وەکو رێزێک بۆ قوربانییانی رووداوەکەی رێگەی سەفوان و زوبێر.
 
سەرچاوەیەک لە شوێنی رووداوەکە بە رووداوی راگەیاند، ''شۆفێری بارهەڵگرەکە دەستگیرکراوە''.