چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە کۆبوونەوەدایە و باسی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە بەغدا کۆبوونەوەیەکی گرنگیان لەبارەی ژمارەیەک دۆسییەوە هەیە، دیارترینیان بابەتی یەکلاییکردنەوەی بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتە خۆجێییەکانی پارێزگاکانی عێراق و هێرشەکانی هەفتەی رابردووی ئێرانە بۆ سەر شاری هەولێر.
ئەحمەد وەنداوی، گوتەبێژی هاوپەیمانی نەسر کە حەیدەر عەبادی سەرۆکایەتی دەکات، لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمشەوی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کۆبوونەوەکە لە ماڵی حەیدەر عەبادییە و بە ئامادەبوونی سەرکردەکانی چوارچێوە دەستیپێکردووە."
گوتیشی، "بڕیارە باسی یەکدەنگی و رێککەوتن لەسەر دەنگدان بە بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کە پێدەچێت رۆژی 8ی شوبات بۆ دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر ئەو پرسە یەکلایی بووبێتەوە، بکرێت."
بەپێی ئەو بەرپرسەی هاوپەیمانی نەسر، بابەتێکی دیکەی گرنگ کە لە کۆبوونەوەکەدا باسدەکرێت، "پێکهێنانی حکومەتە خۆجێیەکانی پارێزگاکان دەکرێت، دوای ئەوەی رۆژی یەکشەممە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن ئەنجامەکانی پەسەندکرد."
هەروەها سەلام زوبەیدی، کە گوتەبێژی هاوپەیمانی نەسرە بە رووداوی گوت، تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە بریتییە لە تاوتوێکردنی هێرشە بەردەوامەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان، بە هێرشەکەی ئەم دواییانەی سەر هەولێریشەوە، کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کراوە.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی لایەنێکی سەرەکیی پێکهێنەری حکومەتی عێراقە و جگە لە سەدرییەکان، زۆرینەی لایەنەکانی شیعەی تێدایە.
رۆژی یەکشەممە، 21ى کانوونى دووەمى 2024، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنەکانى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى پەسند کرد و بەم هەنگاوە کارى کۆمیسیۆن لەبارەى ئەو هەڵبژاردنەوە کۆتاییهات.
رۆژی 13ـی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوە و لە گەڕی یەکەمدا شەعلان کەریم، بەربژێری پارتی تەقەدووم، 152 دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام بەتۆمەتی بەعسی بوونی ئەو بەربژێرە، گەڕی دووەم و کۆبوونەوەکە دواخرا، لە کاتێکدا سالم عیساوی، بەربژێری هاوپەیمانیی سەروەری 97 دەنگ و مەحموود مەشهەدانی، بەربژێری هاوپەیمانیی عەزم 48 دەنگیان بەدەستهێنا.