سەدر: عێراقییەکان لە تەماشاکردنی ڤیدیۆی سێکسی لە یەکەمەکاندان
رووداو-هەولێر
رابەری رەوتی سەدر رەخنەی تووند لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگرێت و رایدەگەیێنێت، عێراقییەکان لە تەماشاکردنی سایتە سێکسییەکان لە ریزی یەکەمەکاندان.
موقتەدا سەدر لە توویتێکدا لە هەژماری خۆی نووسی "پەتای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک تەماشاکردنی ڤیدیۆی سێکسی بەڕادەیەکە، عێراق رکابەریی دەکات لەسەر ئاستە یەکەمەکان لەو رووەوە".
رابەری رەوتی سەدر هەروەها باس لەوە دەکات کە "ئافرەتان هەوڵی راکێشانی سەرنجی پیاوان دەدەن و پیاوان هەوڵی رووتاندنەوەی ئافرەتانی سەلار دەدەن و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەکانیان دەکەن".
موقتەدا سەدر رەخنەی تووند لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەگرێت و دەڵێت "زەمکردن، نانەوەی ئاشووب، بڕیاری بەپەلە، تانەلێدان، هەواڵی درۆ، جوێن، بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی بێبەها، بڵاوبوونەوەی تایفەگەری و بابەتی لەم شێوانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدی دەکرێن".
بەپێی توێژینەوەیەک کە کۆمپانیای سیمەر ویبی بەریتانی لە ساڵی2017 بڵاویکردەوە، عێراق لە پێشەوەی هەموو وڵاتانی عەرەبییە بۆ زۆریی سەردانیکردنی سایتە سێکسییەکان.