رائید فەهمی: پشتیوانینەکردنی هەرێمی کوردستان، عێراق دابەش دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری حیزبی شیوعی عێراق دەڵێت، پاشگەزبوونەوە لە فیدڕاڵیەت و رێزنەگرتن لە مافەکانی گەلی کورد، دەبێتە هۆکاری قەیرانگەلێک کە "دابەشبوون و ناسەقامگیریی عێراق"ی لێدەکەوێتەوە. داواش لە هێزە سیاسییەکان دەکات دەست بە سیستەمی فیدڕاڵیەتەوە بگرن و دەستبەرداری مافەکانی گەلی کورد نەبن.
رۆژی چوارشەممە، 21ـی حوزەیرانی 2023، رائید فەهمی، سکرتێری حیزبی شیوعی عێراق وەڵامی چەند پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە؛ لە بارەی فیدراڵیەتەوە رایگەیاند: "هەندێک هێزی سیاسی چ ئەوانەی دەنگییان بە دەستوور داوە، یان ئەوانەی پارێزەری دەستوورن، هەڵوێستی روونیان نییە، یان ئارەزووی تەواویان بۆ قایلبوونی راستەقینە بە چەمکی فیدڕاڵیەت و لێکەوتەکانی نییە، پێشیانوایە فیدڕاڵییەت سازشکردنێکە لە دۆخێکی دیاریکراو و بەهۆی هاوسەنگیی هێزەکان بۆ کورد کراوە."
رائید فەهمی دەڵێت: "ئەمرۆ بەپێی توانا هەوڵ هەیە بۆ بەرتەسککردنەوەی دەسەڵاتە فیدڕاڵییەکان، ئەمە لەڕووی دامەزراوەیی و بەشێوەیەکی گشتی پەیوەندیی بە دۆسییەی فیدڕاڵیەت و لێکەوتەکانی و قبوڵکردنی دەسەڵاتەکانییەوە هەیە."
سکرتێری گشتی حیزبی شیوعی عێراق، رەخنە لە هەڵوێستی بەشێک لەلایەنە دژبەرەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێت، دەڵێت: "بەشێکی پرسەکە پەیوەندیی بە ناکۆکیی سیاسییەوە هەیە، پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانیەوە هەیە بە دەسەڵاتی ناوەندی، ئەوەش بەشێوەیەکی تاکتیکی وەرچەرخانە بۆ ناکۆکییەکی سیاسیی ملکەچ بە سازانە سیاسییەکان، ئەو لێکتێگەیشتنانە لەسەر زەمینەیەکی لەرزۆرک بونیادنراون، واتە ریزبوون و پێکەوەبوونێکە بۆ مەبەستی دیاریکراو دەکرێت و لەپێناو تێپەڕاندنی قەیرانێکی دیاریکراو، نەوەک بۆ چارەسەکردنی قەیرانەکە، بۆیە کاتێک بابەتەکە جیددی دەبێت سەرباری ئەو لێکتێگەیشتنانە، قەیران دروست دەبێت، وەکو ئەوەی لە یاسای بودجە روویدا."
رائید فەهمی، پێیوایە بەشێک لە هێزە سیاسییەکانی عێراق هەرێمی کوردستان وەکو هاوبەشی سەرەکی لە عێراق قبووڵ ناکەن و زۆر مەیلی فیدڕاڵییەت ناکەن، بەڵکو بە زارەکی بەوە رازین و هەندێکجار وەکو دروشم پێیڕازین، دەشڵێت: "بەداخەوە هەڵوێستی نەرێنیمان لە عەرەبەکانەوە لەبارەی دەستوور و مادەی 140 و یاسای نەوت و گازەوە بینی و لە هەرێمی کوردستانیشەوە لێکتێگەیشتنێک بۆ فیدڕاڵییەت هەیە رەنگە لە فیدڕاڵییەت زیار بێت و بۆ کۆنفیدڕاڵی بڕوات."
سکرتێری حیزبی شیوعی عێراق، دەڵێت: "پێویستە لەسەر ئەوە کۆک بین عێراق نابێت بەو شێوازە بەڕێوەببرێت کە پێش گۆڕانکارییەکانی 2003 لەسەری رۆیشتووە، عێراقییەکانیش کورد و عەرەب دەبێت پێکەوە بەشێوازێکی گونجاو و قبوڵکراو لەهەردوولاوە لەژێر چەتری فیدڕاڵییەت بژین، بەڵام لەهەمانکاتدا دەبێت بەغدا و هەولێر دان بە دەسەڵاتەکانی ئەو فیدڕاڵییەتە و ئاستەکەی بنێن بەبێ ئەوەی بابەتەکە گومان و ناکۆکی تێدا بێت و پێویستە ئەوە لەچوارچێوەی رێسا رێکخراوەکان بێت."
سەبارەت بەو هەوڵانەی لەلایەن هەندێک لایەنی سیاسیی عێراقیەوە دەدرێن و زوو تەشەنە دەکات و لەرووە میللیەکەوە دەبێتە هۆکاری رقبەرایەتی لە دژی کورد، رائید فەهمی دەڵێت: "بەڵێ، ئەو قەیرانانە دەبێتە هەستی شۆڤینی و رقبەرایەتی و دەمارگیری، بەداخەوە زۆر کات تەنانەت لە گوتارە سیاسییەکانیش بە نەرێنی باسی کورد دەکەن و کار بۆ بازاڕ پەیداکردن بۆ بۆچوونە ناڕاستەکان دەکەن، گوایە لەدوای ساڵی 2003ـەوە کورد لە بودجەدا سوودمەندبوون و ئەو سوودمەندبوونە لەسەر شانی عەرەب و پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بووە، ئەوەش راست نییە، کورد هاووڵاتی رەسەنی عێراقن وەکو هەموو عێراقییەکی دیکە و هاووڵاتی پلە دوو یان سێ نین، ئەوەشی دەگوترێت گوایە هەرێمی کوردستان پارەی بەسرا دەبات پڕوپاگەندەیە، ئەگەر بەو واتە بێت، ئەوا پارێزگاکانی دیکەش پارەی بەسرە دەبەن و ئەوە تێڕوانینێکی تەسکە و دوورە لە گیانی هاووڵاتی بوونەوە."
دەشڵێت"تێڕوانینێک لەلای زۆرینەی حیزبەکان هەیە، تەنانەت ئەوانەشی لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەشدارن لەبارەی چەمکی فیدڕاڵیەت و داننان بە مافەکانی نەتەوەیی چی بۆ کورد بێت، یان نەتەوەکانی دیکە بێت، کە چەسپاو نییە، تێگەیشتنێکیش هەیە لەوەی عەرەب نەتەوەی گەورەترینن، ئەوە دەبێتە هۆکاری زۆر قەیران، تەنانەت لە گوتارە سیاسییەکانیش ئەو جۆرە دەمارگیرییە هەیە و ئەوە جۆرێکە لە شۆڤینییەت و بەدڵنیاییەوە مەسەلەیەکی ترسناکە بنچینەیەک نابێت بۆ دروستکردن و سەقامگیریی وڵات."
سەبارەت بە هەڵوێستەکانی حیزبی شیوعی عێراقیشەوە، سکرتێری ئەو حیزبە دەڵێت: "ئێمە هەڵوێستمان جێگیرە و لە دامەزراندنی حیزبەوە نەگۆڕە، ئێمە لەبارەی مافی نەتەوە پێکهێنەرەکانی گەلی عێراق لە سەروویانەوە گەلی کورد کە دووم گەورەترین نەتەوەی عێراقن هاوشێوەی نەتەوەکانی دیکە هەڵوێستمان روونە، ئەو هەڵوێستەمان پڕەنسیپە و دان بە مافەکانیانیدا دەنێین و پێویستە دەوڵەت دان بە مافەکانیاندا بنێت، ئێمە یەکەم لایەن بوون مافی ئۆتۆنۆمیمان بۆ کورد داڕشت و دواتر پرسی فیدڕاڵییەتمان بۆ خستنەڕوو تەنانەت پێش ئەوەی خۆشیان بیخەنەڕوو."
رائید فەهمی، پێیوایە هەر پاشەکشێیەک لە فیدڕاڵی، قەیران دروستدەکات و دەڵێت: "نابێت لەبیرمان بچێت کێشەی گەورە لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق پەیوەندیی بە پرسی کوردەوە هەبوو، ئەو پرسە وەکو مینێکە لە جەستەی دەوڵەت و پاشگەزبوونەوە لە بەڵێنەکانی بەریتانیا و ئەوانی دیکە بۆ کوردی عێراق روویدا و کوردیان خستە چوارچێوەیەکی قەیراناوی، کە ئەگەری تەقاندنەوەی هەیە."
هەروەها دەڵێت، "هەر پاشگەزبوونەوەیەک لە فیدڕاڵییەت کارەسات بۆ عێراق دروستدەکات و دەمانباتە پێکدادانێک کە سنووری نییە، بۆیە پێویستە فیدڕاڵییەتی هەرێمی کوردستان پتەوبکرێت و گەشەی پێبدرێت، چونکە بەبێ فیدڕاڵیەت عێراق دابەشدەبێت."