کۆمیسیۆنی عێراق: بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان زیاتر لە ملیۆنێک دەنگدەری تایبەت هەن
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لەو 14 پارێزگایەی عێراق و پارێزگای کەرکووک، کە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیان تێدا دەکرێت، 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، کە زیاتر لە یەک ملیۆنیان دەتوانن لە رۆژی دەنگدانی تایبەتدا دەنگ بدەن.
رۆژی یەکشەممە، 22-10-2023، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای ئەوەی هەندێک بەربژێر دوورخرانەوە، رۆژی 19ـی ئەم مانگە ئەو وادەیە تەواو بوو کە کۆمیسیۆن بۆ ناردنی ناوی شوێنگرەوەی ئەو بەربژێرانەی دیاریکردبوو و ناوە جێگرەوەکانمان پێگەیشتووەتەوە."
سەبارەت بە ژمارەی دەنگدەران و وێستگە و بنکەکانی دەنگدان، جومانە غەلای گوتی: "دوایین نموونەکانی تۆماری دەنگدەران پەسندکراون، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەسەرجەم پارێزگاکان تۆماری بایۆمەترییان هەیە و دەتوانن دەنگبدەن، دەگاتە 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 کەس، لەنێو ئەو ژمارەیە 15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 دەنگدەری گشتی و 1 ملیۆن و 2 هەزار و 393 دەنگدەری تایبەتن، هەروەها 48 هەزار و 260 دەنگدەرن، کە سەرجەمیان لە 7 هەزار و 766 بنکە دەنگ دەدەن."
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ یەکشەممە لە هۆتێل مەنسوور لە شاری بەغدا تیروپشک بۆ فەرمانبەرانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکرێت. گوتیشی، "راهێنان بە فەرمانبەرانی کۆمیسیۆن دەستیپێکردووە و ئامادە دەکرێن بۆ رۆژی دەنگدان، بەتایبەت لەسەر ئامێرەکان."
بڕیارە لە 18ـى کانونى یەکەمی 2023، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بکرێت. بۆ یەکەمجار لە ساڵى 2005ـەوە ئەو هەڵبژاردنە لە کەرکووک دەکرێت و 6022 کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەربژێر کردووە؛ بەشێکیان سەربەخۆ و بەشێکیشیان لە چوارچێوەی 66 حیزب و هاوپەیمانێتیدان.
بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 285 کورسی پێکدێت کە 10 کورسییان بۆ پێکهاتەکان لە چوارچێوەی کورسیی کۆتا تەرخان دەکرێن.