د.فوئاد حوسێن: هێرشەکەی جورف سەخر پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی عێراق و باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق کۆبوونەوە. وەزیری دەرەوە رایگەیاند هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی "پێشێلکاریی سەرەوەریی" عێراقە و گوتی، "هێرشەکەی جورف سەخر بەبێ ئاگاداری حکومەتی عێراق کراوە."
 
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، 22-11-2023، د.فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، لە وەزارەتی دەرەوە کۆبوونەتەوە و "وەزیری دەرەوە زیادکردنی گرژییەکانی رەتکردووەتەوە کە ماوەی دوو رۆژی رابردوو گۆڕەپانی عێراق بەخۆوەی بینیوە."
 
وەزیری دەرەوەی عێراق، بەپێی راگەیێندراوەکە، جەختی لەوە کردووەتەوە حکومەتی عێراق سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکات، کە ئەمڕۆ چوارشەممە کرایە سەر ناوچەی جورف سەخر لە پارێزگای بابل و گوتوویەتی، "ئەو هێرشە بەبێ ئاگاداری حکومەتی عێراق بووە و ئەوەش پێشێلکارییەکی روونی سەروەریی عێراقە بە پشتبەستن بە سەروەریی دەستووریی عێراق و یاسای نێودەوڵەتی رەتکراوەیە."
 
رۆژی چوارشەممە، 22-11-2023، دەستەی حەشدی شەعبی راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکانی هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر بارەگاکانیان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "کاژێر 2:30ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 22ـی تشرینی دووەمی 2023، ژمارەیەک لە پێگەکانی دەستەی حەشدی شەعبی رووبەڕووی دەستدرێژیی ئەمریکیی ستەمکارانە بووەوە و بەهۆیەوە هەشت شەهید و چوار برینداری لێکەوتەوە."
 
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، 22-11-2023، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا - سێنتکۆم رایگەیاند، "لە وەڵامی راستەوخۆی هێرشی ئێران و گرووپەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر هێزەکانمان و هێزەکانی هاوپەیمانان، هێرشمان کردە سەر دوو بنکەی ئەو گرووپانە لە عێراق."
 
هێرشەکە وەکو سێنتکۆم دەڵێت، لە ناوچەی جورف سەخەر بووە و گرووپێکی حەشدی شەعبییان کردووەتە ئامانج.
 
بەگوتەی سێنتکۆم، لە 21ـی تشرینی دووەمیش، بە مووشەکی بالیستیی نزیک مەودا، هێرشکرایە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان.
 
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت، "هێرشەکەی ئەمریکا دەستدرێژییە و پێشێلکردنێکی زەقی سەروەریی عێراقە."
 
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن، لە 17ـی تشرینی یەکەمەوە لانیکەم 62 جار هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا.