حەشدی شەعبی دەڵێت هەشت چەکداریان لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە کوژراون

رووداو دیجیتاڵ 

دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئەمڕۆی هێزەکانی ئەمریکاوە بۆ سەر هێزەکانیان لە ناوچەی جرف سەخر لە باکووری پارێزگای بابل، هەشت چەکداریان کوژراون و چواری دیکەشیان بریندار بوون.
 
رۆژی چوارشەممە 22-11-2023، دەستەی حەشدی شەعبی راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکانی هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر بارگاکانیان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "کاژێر 2:30ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 22ـی تشرینی دووەمی 2023، ژمارەیەک لە پێگەکانی دەستەی حەشدی شەعبی رووبەڕووی دەستدرێژیی ئەمریکیی ستەمکارانە بووەوە و بەهۆیەوە هەشت شەهید و چوار برینداری لێکەوتەوە."
 
حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوەکەیدا هەروەها دەڵێت، "ئەو دەستدرێژییانە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرەی لە چوارچێوەی جورف سەخر گرتەوە کە چەکدارانی پاڵەوانی ئێمەیان کردە ئامانج لەو کاتەی سەرقاڵی بەدیهێنانی ئەرکی نیشتمانیی پیرۆزیان بوون."
 
حەشدی شەعدی جگە لە سەرکۆنەکردنی ئەو هێرشە، هێرشەکەی بە" پێشێلکارییەکی روونی سەروەریی عێراق." ناوبردووە.
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا، حەشدی شەعبی ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە بەو پێیەی بەشێکە لە سیستەمی ئەمنی، سەربازی و بەرگریی عێراق و بەتەواوەتی پابەندی رێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقە، دوو دڵ نابن لە بەجێگەیاندنی هەر ئەرکێک بۆ بەرگریکردن لە عێراق و سەروەرییەکەی.
 
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، 22-11-2023، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا - سێنتکۆم رایگەیاند، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە وەڵامی راستەوخۆی هێرشی ئێران و گرووپەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر هێزەکانمان و هێزەکانی هاوپەیمانان، هێرشمان کردە سەر دوو بنکەی ئەو گرووپانە لە عێراق."
 
هێرشەکە وەکو سێنتکۆم دەڵێت، لە ناوچەی جورف سەخەر بووە و گرووپێکی حەشدی شەعبییان کردووەتە ئامانج.
 
بەگوتەی سێنتکۆم، لە 21ـی تشرینی دووەمیش، بە مووشەکی بالیستیی نزیک مەودا، هێرشکرایە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان.
 
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت، "هێرشەکەی ئەمریکا دەستدرێژییە و پێشێلکردنێکی زەقی سەروەریی عێراقە."
 
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن، لە 17ـی تشرینی یەکەمەوە لانیکەم 62 جار هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا.