باڵیۆزخانەی ئەمریکا سیستمی بەرگریی خستەکار
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ مووشەک و درۆن خستەکار.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، لە کاژێر 6:00 بۆماوەی 15 خولەک، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق سیستمی بەرگریی ئاسمانی سیڕامی خستەکار کە لەسنووری باڵیۆزخانە ناوچەی سەوز و فڕۆکەخانەی بەغدا دەپارێزێت.
بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی بڵاوبوونەتەوە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سیستمەکە تاقیکراوەتەوە، بڕیارە کاژێر 9:00 جارێکی دیکە تاقیبکرێتەوە، هەر لەبەرئەوە داوا لە دانیشتووانی ناوچەی کەڕادە کراوە لە پەنجەرەکانیان دووربکەونەوە.
سیستمی دژە مووشەکی سیڕام، بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەیە کە دەکرێنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا، سیستمەکە لە کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر هەیە و چەندین هێرشی گرووپە چەکدارەکانیان لەو رێگەیەوە تێکشکاندووە.
چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران باس لەوە دەکەن کە ئەمریکا لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا پێنج جار سیستمەکەی لە ناوچەی سەوزی بەغدا و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بەکارهێناوە.