وەزارەتی دەرەوەی عێراق: لەسەر کاتی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی سووریا رێکنەکەوتووین

رووداو دیجیتاڵ

بریکاری وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، هێشتا لەگەڵ حکومەتی راگوزەری سووریا لەسەر کاتی سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بۆ عێراق رێکنەکەوتوون، بە دووریشی دەزانێت سەرۆکی حکومەتی راگوزەری سووریا بەشداری لە لووتکەی کۆمکاری عەرەبی لە بەغدا بکات.
 
بڕیاربوو ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا رۆژی پێنجشەممە 20-02-2025، سەردانی بەغدا بکات، بەڵام سەردانەکە دواخرا، بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی روونبکرێتەوە.
 
هیشام عەلەوی، بریکاری وەزیری دەرەوەی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "بەڕێز وەزیری دەرەوە بانگهێشتنامەی ئاراستەی هاوشانە سووریاییەکەی کرد لە حکومەتی تازەی راگوزەر. تاوەکو ئێستا لەبارەی کاتی سەردانەکە رێککەوتن نەکراوە. هەردوولایەن کار دەکەن بۆ دەستنیشانکردنی کاتی سەردانەکە."
 
دەگوترێت لایەنی سووریا داوای زامنی پاراستنی سەلامەتی شاندەکەی کردووە بۆ هاتنیان بۆ عێراق. عەلەوی لەو بارەیەوە گوتی: "رێکاری هونەری و دیپلۆماسی هەیە کاری بۆ دەکرێت و بەشێکی پەیوەندیی بە رێوشوێنی ئەمنییەوە هەیە."
 
رۆژی هەینی 21ـی شوباتی 2025 نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، "بە فەرمیی بانگهێشتی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریامان کردووە بۆ سەردانیکردنی عێراق، ئەوەش بەمەبەستی تاوتوێکردنی چەند دۆسیەیەکی هاوبەش و کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات.
 
بریکاری وەزیری دەرەوەی عێراق، سەبارەت بە کاتی سەردانەکەی شەیبانی بۆ بەغدا گوتی: "تاوەکو ئێستا لەسەر کاتی سەردانەکە رێکنەکەوتووین."
 
رۆژی 15ی ئەم مانگە دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بانگهێشتکراوە بۆ هەولێر و ئەویش بە خۆشحاڵییەوە بانگهێشتەکەی قبووڵ کردووە."
 
وا بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو لووتکەی کۆمکاری عەرەبی لە بەغدا بەڕێوەبچێت، کە سەرۆک و سەرکردەی وڵاتی عەرەبی ئەندام لە کۆمکارەکە بەشداری دەکەن.
 
هیشام عەلەوی گوتی: "عێراق بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمیندارێتیی گشتیی کۆمکاری عەرەبی. پێداگرە لەوەی بەباشترین شێوە ئەم لووتکەیە رێکبخات."
 
سەبارەت بە بەشداریی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکومەتی راگوزەری سووریا لە لووتکەکەدا، هیشام عەلەوی گوتی: "تاوەکو ئێستا چاوەڕوان ناکرێت ئامادە بێت."
 
رۆژی 12ـی تشرینی دووەمی ساڵی 2011، وەزیرانی دەرەوەی عەرەب لە قاهیرە بڕیاری هەڵپەساردنی بەشدارییکردنی شاندەکانی سووریایان لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی کۆمکاری عەرەبی دا.
 
دوای 12 ساڵ، رۆژی یەکشەممە 7-5-2023، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی، بڕیاریان دا کۆتایی بە هەڵپەساردنی ئەندامیێتی سووریا لە کۆمکارەکە بهێنن.
 
دەقی گفتوگۆی رووداو لەگەڵ هیشام عەلەوی، بریکاری وەزیری دەرەوەی عێراق:

رووداو: دەکرێ بە کورتی باس لە گرنگی ئەم دیالۆگە بکەیت؟ 
 
هیشام عەلەوی: حەوتەمین دیداری نێودەوڵەتیی بەغدا، لە دۆخێکی نێوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتیی تایبەتدا کرا. پلاتفۆرمێکە بۆ دیالۆگ و گفتوگۆ لەنێوان عێراقییەکان لەلایەک و عێراق و نوێنەرانی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان لەسەر ئاستی حکومەت و رێکخراوەیی. ناونیشانی سەرەکیی پەیوەندی بە گەشەپێدان و سەقامگیری هەرێمییەوە هەیە. ئێوەش دەزانن عێراق لە ماوەی رابردوودا لە بواری سەقامگیری و ئارامی هەرێمی وەبەرهێنانی زۆری کردووە لەپێناو بنیاتنانی هاوبەشییەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و دەرەوە. هەروەها هاوکار دەبێت لە بەدیهێنانی کارە لەپێشینەکانی عێراق بەتایبەتی لەسەر ئاستی پەرەپێدانی کەرتەکانی نانەوتی و گەشەپێدانی بەردەوام. 
 
رووداو: دەمەوێ ئەم دەرفەتە بقۆزمەوە پرسیار لەبارەی هۆکاری دواخستنی سەردانی وەزیری دەرەوەی سووریا بۆ بەغدا بکەم. بۆچی سەردانەکەی دواخرا؟ 
 
هیشام عەلەوی: ئێوەش دەزانن، بەڕێز وەزیری دەرەوەی بانگهێشتنامەی ئاراستەی هاوشانە سووریاییەکەی کرد لە حکومەتی تازەی راگوزەر. تاوەکو ئێستا لەبارەی کاتی سەردانەکە رێککەوتن نەکراوە. هەردوولایەن کار دەکەن بۆ دەستنیشانکردنی کاتی سەردانەکە. 

رووداو: ئایا لایەنی سووریا داوای زامنی پاراستنی سەلامەتیی شاندی سووریای کردووە بۆ هاتنە نێو عێراق و سەردانەکەی؟ 
 
هیشام عەلەوی: رێکاری هونەری و دیپلۆماسی هەیە، کاری بۆ دەکرێت و بەشێکی پەیوەندیی بە رێوشوێنی ئەمنییەوە هەیە. 
 
رووداو: وەزیری دەرەوەی سووریا کەی سەردانی بەغدا دەکات؟ بەمنزیکانە سەردان دەکات؟ وادەیەکی دیاریکراو هەیە؟ 
 
هیشام عەلەوی: تاوەکو ئێستا لەسەر کات رێکنەکەوتوون. 

رووداو: سەبارەت بە لووتکەی عەرەبی، ئەم لووتکەیە کەی لە بەغدا بەڕێوەدەچێت؟ 
 
هیشام عەلەوی: پشت بە خوا هەفتەی یەکەمی مانگی ئایاری ئەم ساڵ لووتکەی عەرەبی لە بەغدا بەڕێوەدەچێت. ئێوەش دەزانن وەک نەریتێکی باو، بەر لە کۆبوونەوەی سەرۆکەکان، وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، شارەزایان و نوێنەران کۆبوونەوەی تایبەت لەنێوان خۆیاندا دەکەن. عێراق بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمینداریێتیی گشتیی کۆمکاری عەرەبی. پێداگرە لەوەی بەباشترین شێوە ئەم لووتکەیە رێکبخات و لەم دۆخە هەستیارەدا لووتکەیەکی عەرەبی سەرکەوتوو بەڕێوەببات. ئەمەش پێگەی عێراق، سەقامگیری و ئارامی هەرێمی تۆکمەتر و تەواوکاری ئابووری لەنێوان وڵاتانی ئەندام بەدی دەکات. 
 
رووداو: ئەحمەد شەرع لەم لووتکەیە ئامادە دەبێت؟ 
 
هیشام عەلەوی: تاوەکو ئێستا چاوەڕوان ناکرێت ئامادە بێت.