مەسرور بارزانی و فایەق زێدان جەخت لە پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە پێویستیی رێزگرتن لە دەستوور و پاراستنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان کرایەوە.
 
ئێوارەی رۆژی شەممە، 23ی ئایاری 2026، لە درێژەی کۆبوونەوە و دیدارە فەرمییەکانیدا لە بەغدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فایق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبووەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی حکومەت، لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسی و گشتیی عێراق تاوتوێ کرا و هاوکات جەخت لە رۆڵی گرنگ و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق کرایەوە، بە ئامانجی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی سیاسی لە وڵاتدا.
 
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق هاوڕابوون لەسەر پێویستیی رێزگرتن لە بنەماکانی دەستوور، چەسپاندنی سیستمی فیدراڵی و پاراستنی سەرجەم مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و گشت پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق.
 
دەقی راگەیێندراوەکە:
 
ئێوارەی ئه‌مڕۆ شەممە، 5/23، لە درێژەی کۆبوونەوەکانیدا لە بەغدا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، له‌گه‌ڵ دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبووەوە.
 
لە دیدارەکەدا، بارودۆخی سیاسیی و گشتیی عێراق تاوتوێ کرا و جەخت لە رۆڵی گرنگ و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق کرایەوە لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی سیاسیی لە عێراقدا.
 
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی رێزگرتن لە دەستوور و سیستمی فیدراڵی و پاراستنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و گشت پێکهاتەکان.