مەسرور بارزانی و موسەننا سامەڕائی پرۆسەی سیاسیی عێراق و کێشەکانی هەولێر و بەغدا تاوتوێ دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ موسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم کۆبووەوە. 
 
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور کرایەوە.
 
ئێوارەی رۆژی شەممە، 23ـی ئایاری 2026، لە درێژەی دیدارە فەرمییەکانیدا لە شاری بەغدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ موسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم کۆبووەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوی حکومەت، لە دیدارەکەدا دۆخی گشتی و پرۆسەی سیاسیی عێراق تاوتوێ کرا.
 
هەردوولا جەختیان لە پێویستیی بەهێزکردنی هاوئاهەنگی و هاریکاریی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە، بە ئامانجی زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەکان و دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ تەواوی ئەو کێشانە.