مەسرور بارزانی و عەبادی: بەغدا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و یەکسان خزمەتی گشت هاووڵاتییان بکات


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر کۆبووەوە. لە دیدارەکەدا جەخت لەوە کرایەوە پێویستە حکومەتی فیدراڵ بە شێوەیەکی دادپەروەرانە خزمەتی گشت پێکهاتەکانی عێراق بکات.
 
ئێوارەی رۆژی شەممە، 23ـی ئایاری 2026، لە درێژەی دیدارە فەرمییەکانیدا لە شاری بەغدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر کۆبووەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی پرۆسەی سیاسی و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا؛ هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە حکومەتی فیدراڵیی عێراق، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و یەکسان، خزمەتی گشت هاووڵاتییان و پێکهاتە جیاوازەکانی وڵات بکات.
 
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسردا، تیشک خرایە سەر ئەو چاکسازییانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی رابردوودا لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا ئەنجامی داون.
 
دەقی راگەیێندراوی حکومەت: 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 5/23، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسڕ کۆبووەوە.
 
لە دیدارەکەدا، بیروڕا لەبارەی پرۆسەی سیاسی و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا و هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە حکومەتی فیدراڵ، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و یەکسان، خزمەتی گشت هاووڵاتی و پێکهاتەکانی عێراق بکات.
 
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، تیشک خرایە سەر چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا.