شەڕی کۆڵان بە کۆڵان لە فەللوجە بەردەوامە

رووداو - فەللوجە

شەڕی کۆڵان بە کۆڵان لە فەللوجە بەردەوامە و هێزە عێراقییەکان لە رۆژهەڵاتی فەللوجە گەیشتنە هێڵی گشتی شەمەندەفەر و رێگاکەش لە لایەن داعش تەقیندرایەوە.


هێزە عێراقییەکان لە 80%-ی ناوەندی شاری فەللوجەیان کۆنترۆڵکردووەتەوە و چەکدارانی داعش بەرەو (حەی جولان و ئەرامل) پاشەکشە دەکەن، ئەو دوو ناوچەیەش لە شارەکەدا دەبنە دوا موڵگەی داعشەکان.

عەمید روکن عەبدولموحسین حاتەم، فەرماندەی فرقەی چواردەی سوپای عێراق بۆ رووداو گوتی "هەندێک ناوچەی دیکە کۆنترۆڵکرایەوە، یەکێکە لەو ناوچانە هێڵی شەمەندەفەری لێیە چەکدارانی داعشی تیرۆریست گەمارۆدراون لەنێو خانووەکاندا خۆیان حەشارداوە،  ئێمە لە پێشڕەوییەکان بەردەوامین و ئینشائەڵڵا لە رۆژانی داهاتوودا موژدەی خۆش بە گەلی عێراق دەدەین".

ژمارەیەک چەکداری خۆکوژ و شەڕکەری سەرسەختی داعش لە نێو ماڵەکاندا شەڕی کۆڵان بە کۆڵان و دەستە و یەخە لەگەڵ هێزە عێراقییەکان دەکەن، شەڕەکە تادێت قورستر دەبێت و داعشەکانیش تا دوا خولەکەکان شەڕی خۆیان دەکەن، بە فەرمانی حەیدەر عەبادی هێزی زیاتر رەوانەی فەللوجە کراوە.

عەبدولوەهاب ساعدی،  فەرماندەی گشتی ئۆپەراسیۆنەکەی فەللوجە بۆ رووداو ئاماژە بەوە دەدات"ئەوانەی کە لەم شەڕەدا بەشدارن پێکهاتوون لە دەزگای دژەتیرۆر، پۆلیسی فیدراڵی، پۆلیسی ئەنبار و کەرتە سەربازییەکانی رۆژئاوای بەغدا، لەماوەی ئەم ساڵدا بستێک لە خاکی عێراق لەژێر دەستی داعش نامێنێت، وە هەموو ئاوارەکان دەگەڕێنینەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان".

ناوچەی پیشەسازی ناوەندی شاری فەللوجە دوای شەڕێکی قورس هێزە عێراقییەکان کۆنترۆڵیان کردووەتەوە، بە لەدەستدانی ئەم ناوچەیە داعش زیاتر لاواز بوو، چونکە بەگوتەی فەرماندە عێراقییەکان ئەم ناوچەیە مۆڵگەیەکی سەرەکی چەکدارانی داعش بووە بۆ بۆمبڕیژکردنی ئۆتۆمبێل و ئامادەکردنی خۆکوژەکان و دروستکردنی بۆمبی چێنراو.